شێرزاد حەسەن لە پڕۆژەیەکی کولتووری نێودەوڵەتیدا بەشداری دەکات

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

چیرۆکنووس و وەرگێڕ "شێرزاد حسن" بۆ پڕۆژەیەکی کولتووری نێودەوڵەتی داوەت دەکرێت و ئەویش داوەتە قەبوڵ دەکات و بڕیارە پرۆژە کولتوورییەکە چالاکی جۆراوجۆر لە خۆ بگرێت و چەند ساڵێک بخایەنێت .

سەبارەت بە پڕۆژەکە و "شێرزاد حسن" گوتی: "گروپێكی هونەریی و ڕەوتێكی ڕووناكبیرین كە شوێنی سەرەكیمان "سویسرا"یە. یەكێك لە پرۆژەكانی داهاتوویان، كە لە خودی خۆیدا یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكان، بە هاوكاریی رێكخراوێكی دیكەی "سویسرا"یی دەبێت بە ناوی (كۆمەڵەی مێسێلا /Verein Mesela) كە بایەخ و تیشكۆی كارەكانی لەسەر ناوچەی "خۆرهەڵاتی ناوەندە" و بە تایبەتیش 'كوردستان' دەبێت. پرۆژەكە كە بە ناوی "فریشتەیەک لە 'بابل' دادەبەزێت"ـە، کە شانۆنامەیەکی  "فرێدیریك دۆرینمات"ـە و من چەند ساڵێک لەمەوبەر کردوومە بە  کوردی ."

لە درێژەدا وردەکاری زیاتری خستەڕوو و گوتی: "پرۆژەکە بە هەمان ناوی شانۆییەکەوەیە و لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی "سویسرایی" و "كوردەیل"دا، پلانی پرۆژەیەكی هێماگەری و ڕەمزی دادەنێن كە نمایشی جۆراوجۆری تێدەکەوێت، پێشانگە و ئاهەنگی میوزیك و كۆنسێرت و چالاکی دیکە لە خۆدەگرێت و رۆشنایی دەخاتە سەر ژمارەیەك بابەتگەلی جیاواز، بەڵام هێندەی كە پەیوەندی بە "فریشتەیەك لە 'بابل' دادەبەزێت"ەوە هەیە؛ تەوەرێكی سەرەكی و چەقی رووداوەکە دەبێت ."

لە کۆتایشدا گوتی: ستافی پڕۆژەکە  زۆر دڵخۆش و سوپاسگوزار بوون بەشداربوونم لە پرۆژەکە قەبوڵ کرد و هەروەها پێشنیاری گفتوگۆ و چاوپێكەوتنێكی ڤیدیۆییان کردووە كە بە "ئۆنلاین" ساز بکرێت، دیارە زمانی ئینگلیزی دەبێت بە پردی لێکتێگەیشتن و گۆڕینەوەی بۆچوونەکان سەبارەت بە وردەکاری پرۆژەکە و بڕیارە ئەم پڕۆژە کولتوورییە چەند ساڵێک بخایەنێت .



ڕیکلام