نێچیرڤان بارزانی چەند داواکارییەک ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات

  2021-04-19  | 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هه‌ر یه‌که‌ له‌ وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان چەند داواکاریییەکى ئاراستەی کۆمەڵگاى نێودەوڵەتی کرد.

لە نامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایکردووە، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.

نێچیرڤان بارزانی پشتگیری لە داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوە بچێت.

هەروەها داوایکردووە لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵى عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان.

لە بەشێکی دیکەى نامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتری کردووە بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکاندا.



ڕیکلام