دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی گرووپێکی "تیرۆرستی" راگەیاند

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستگیرکردنی ٢٢ تیرۆریست لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر ڕادەگەیەندێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:  

دەزگای ئاسایشی هەرێم پیلانێکی تیرۆریستانی داعش ئاشکرادەکات کە لەخۆڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بوون و لە ٢٢ ھەڵمەت و ئۆپراسیۆنی جیاجیادا لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و پشدەر ٢٢ تیرۆریست دەستگیردەکەن و رووبەڕووی یاساو دادگایان دەکەنەوە.

کە یەکێکیان تیرۆریستی هەرەتاوانبار ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە یە کە بەناسنامەی ساختەوە هاتبووە سنوری هەرێمی کوردستان.  

پاش کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگە لەسەر تاقم و گروپێکی تیرۆریستی داعش کە لە چەند شارێکی هەرێم لەخۆڕێکخستندابوون و مەرامیان بوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاسایشی سلێمانی لەسەر ئەم کەیسە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و پاش گەڕان و شەونخونی و چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەی زانیاری، سەرەداو بەدەستهات و تەواوی جموجۆڵەکانشیان خرایە ژێرچاودێری و پیلانەکانیان ئاشکراکران و ناسنامە و زانیاری کەسی تیرۆریستان دەست هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی کەوت.

دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەچەند هەڵمەتێکی بەرفراوانی هاوبەش لە ژێرچاودێری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان ، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەڕین هەر ٢٢ تیرۆریستەکە کە لە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش خۆیان رێکخستبوو، پێش ئەوەی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکەن دەستگیرکران.

کە بەم شێوەی خوارەوە بوو:

رۆژی ٢٥/٢/٢٠٢١ تیرۆریست ( ز . س ) ناسراو بەئەنەس کوردی، دوای چاودێریکردنی کە بەنیازبوو هەڵبێت بۆ دەرەوەی هەرێم، لەلایەن هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی راپەڕین و شارەزوور، لە پشدەر دەستگیرکرا.

تیرۆریستی تاوانبار لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەساڵی ٢٠١٩ فکری توندڕەوی داعشی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی بەستوە بە گروپێکی تیرۆریستی لە سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و سەیدسادق کەپیلانی دانانی ئاڵای داعش و کردەوە تیرۆریستیەکەیان دانابوو لەو شارە، و چەندین تیرۆریستی فێری دروستکردنی عەبوەو مادە تەقەمەنییەکان کردوەو مەرامیان بووە چەند کردەوەیەک ئەنجامبدەن و هیجرەت بکات بۆناو داعش.  

رۆژی٢٥/٣/٢٠٢١ لە رێوشوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵ و ھەڵمەتێکی گەورەو سەرکەتووی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەچەمچەماڵ تیرۆریستی هەرەتاوانبار و لەیاسا هەڵهاتوو( ح . م ) ناسراو بە ئەبو عەلی جومەیلی والی فەلوجە دەستگیرکرا کەدەستی سورە لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی و دژبەمرۆڤایەتی، کە سەرەتا پەیوەندی هەبووە بەرێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەو لەساڵی ٢٠١٤ بەیعەتی داوە بەتیرۆریستانی داعش و وەک چەکدارێکی هەرەتاوانبار بەشداری و سەرپەرشتیی دەیان کردەوەی تیرۆریستی کردوە دواتر کراوە بە جێگری والی ویلایەتەکانی باکور و پاشان بووە بە والی و ئەمیری فەلوجە.  

رۆژی ١/٤/٢٠٢١ لەچەند هەڵمەتێکی تری هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان هەرسێ تیرۆریستی تاوانبار ( چ .ف ) ناسراو ابودردا و یونس کوردی و ( م . ح ) و ( م .ح .ع ) ناسراو بە عەلی کوردی لەکەلار دەستگیرکران.

لەلایەکی ترەوە هەمان شەو تیمێکی سەربازی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ لە پێنج هەڵمەتی سەرکەوتوو و پشتبەستوو بەزانیاری ورد ٥ تیرۆریستی تر لەیەک کات و ساتدا دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە تیرۆریستان (یٔ . ه ) ( ش . ب ) ناسراو بە هاران و ( س . ن ) و (ه .یٔ ) و ( یٔ . ن ).

لێکۆڵینەوەکان بەردەوام بوون و بەدواداچوونەکان چڕترکرانەوە و لە رۆژی ٢/٤/٢٠٢١ لە هەشت ئۆپراسیۆنی سەرکەوتووی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان هەشت تیرۆریست تری هەمان شانەی نەنستوی داعش دەستگیرکران کە ( ھ .ع ) و ( م .ن ) لە کفری و ( د.س ) ناسراو بە ( د . بوخاری ) و ( ش . ع ) و ( ع .ع ) ناسراو بە بن لادن کوردی و ( یٔ .ح ) ناسراو بە ئەبو شەھاب و ( م .ج ) ناسراو محەمەد کوردی لە کەلار و ( م .ن ) لە باوەنور دەستگیرکران.

هەر پەیوەست بەم تاقم و گروپە توندڕەوانەی تیرۆریستانی داعش، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و گەرمیان رۆژی ٣/٤/٢٠٢١ ھەر لەکەلار تیرۆریست ( م. یٔ ) ناسراو بە حەبیب دەستگیراو پاش رۆژێک ٤/٤ هەردووتیرۆریست ( ر .یٔ ) و ( ج .س) ناسراو بە ئەبو ئەنەس لە سلێمانی و ( یٔ. ح ) لە کفری دەستگیرکران.  

پاش لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەی تیرۆریستان و داننان بە تاوانەکانیان ئاشکرایانکرد، پیلانیان بووە چەند شانەیەکی نەنوستووی داعش دروستبکەن لەهەرێم و خۆیان بۆ چەند کردەوەیەک ئامادەبکەن، راهێنانیانپێکراو لەسەر دروستکردنی عەبوەو مەوادی تەقەمەنی و پیلانیان داناوە بۆ تەقاندنەوەی چەند شوێنێک و رفاندنی خەڵک و تیرۆرکردنی ئەفسەرانی ئەمنی بەتایبەت ئەوانەی رۆڵیان هەیە لەرووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ شکاندنی کێلی شەھیدانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەوەی مایەی سەرنج و هەڵوەستەشە تیرۆریستان لەرێگای تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە فیکری توندرەوی داعشیان وەرگرتوەوە و هەمان تۆڕیان بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی تاقم و گروپەکانیان و چەندین پەیج و ئەکاونتیان داناوە بۆ بانگەشەکردن و وانەی تەکفیر و توندڕەوییان خوێندوەو تەکفیری هەر مامۆستایەکی ئاینی و هاووڵاتییەکیان کردەوە کە لەژێرگاریگەری بیری توندڕەوییان نەبووبێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتە گەورەو سەرکەوتووەی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، گەرمیان، رۆژئاوای سلێمانی، شارەزوور، راپەرین، سوپاس و پێزانینی بێپایان دەردەبڕێت، بۆ ماندووبوون و شەونخونی وئازایەتی ئەو ئەفسەرو کارمەندانەی ئاسایش کە وەک سەربازی ون لەخەمی ئۆقرەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامی هەرێمدان و و بەگیانیان سەروماڵی خەڵک دەپارێزن ، ئەمە دەرخەری یٔەو راستیەشە هەموو تۆمەتبارانی یاسا شکێن و تیرۆریستان و سەرپێچیکاران و پێشێلکاران و ئەوانەی دادگا داوایاندەکات ، لەدەست ھێزەکانمان رزگاریان نابێت و هەر پیلانێکیان هەبێت سەرئەنجام پێش جێبەجێکردنی پشت بەخوای گەورە یٔاشکرادەکرێن و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن . کەلەپشت ھەموو سەرکەوتنەکانیشماندا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رۆڵی دیارو بەرچاویان ھەیە لەھاوکاری و پشتیوانیکردنی هێزەکانمان کە جێگای پێزانین و ستایشی بەردەواممانە.

 دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 


هاوپێچ 
دانپێدانانی تیرۆریستان  
( ح . م ) ناسراو ئەبو عەلی جومەیلی والی و ئەمیری فەلوجە 
------------------------------------------
( ز . س )  ناسراوە بە ئەنەس کوردی

( ش .ب )  ناسراوە بە هاران کوردی
 
( ع . ع ) ناسراوە بە بن لادن کوردی 

( م . ح ) ناسراوە بە عەلی کوردی


ڕیکلام