بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکان شاندێکی تورکیا سەردانی میسر دەکات

  2021-05-03  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بازرگانی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی، بۆ باشکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ میسر.

محەمەد موش، وەزیری بازرگانی تورکیا بەر لە سەردانی شاندێکی تورکیا بۆ قاهیرە لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، لە کاتێکدا وڵاتەکەی سەرقاڵی چارەسەرکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیەتی، دەیەوێت پەیوەندییە ئابورییەکانیشی لەگەڵ میسر باشتر بکات.

بەهۆی داڵدەدانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و دەستوەردانی سەربازی تورکیا  لە لیبیادا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و قاهیرە ئاڵۆزیان تێکەوت.

ماوەیەکیشە تورکیا لە هەوڵی دیپلۆماتی چڕوپڕدایە، بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ میسر و چەند دەوڵەتێکی دیکەی کەنداو.

بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا ئەنکەرە شاندێکی فەرمی خۆی  بە سەرۆکایەتی سادات ئونال جێگری وەزیری دەرەوە ڕەوانەی قاهیرە بکات، بە ئاماندی گفتوگۆکردن لەسەر زیندووکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ڕابردوودا مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسر چووەەتە قۆناغێکی نوێیوە، وەک ئاماژەیەک بۆ لێکنزیکبوونەوەی وڵاتەکەی لە قاهیرە.



ڕیکلام