پۆلیسى سلێمانى: لەسەر دۆسیەی كۆشتی كەسێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا

  2021-05-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر دۆسیەی كۆشتی كەسێك و برینداركردنی دوو كەسی دیكە، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، دەستیش گیرا بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو کاتژمێر 1:30 ، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەید سادق ئاگاداركرایەوە لە بونی ڕوداوێكی تەقەكردن لەگوندی دەرەتەتی سەربەناحیەی بەرزنجە لە سنوری قەزای سەید سادق، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیسی سەید سادق و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوینی ڕوداوەكەو زانرا دەستڕێژی گولە لە ئۆتۆمبێلێك كراوە كە سێ‌ سەرنشینی تێدا بووەو بە هۆیە یەكێك لەسەرنشینەكان بە ناوی ( أ ، ت ، م )لەدایكبوی 2001 گیانی لەدەستداوەو دوو سەرنشینەكەی تر بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پۆلیسی سەید سادق لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارێك بەناوی (س ، م ، م )لەدایكبوی 1986 دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفدا كە بەتۆمەتبار بووە.

بەپێى زانیارى ڕاگەیەندراوەکە، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری  دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەدا بەردەوامە و هەركەسێك لەم دۆسیەیە تێوەگلابێت دەستگیردەكرێت و ڕوبەڕوی یاسادەكرێتەوە.



ڕیکلام