دوای وشکبوون زۆنگاوەکانی عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی دیکە بوونەتەوە

  2021-05-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کاتێکدا ڕۆژێک بوو زۆنگاوەکانی عێراق لە رووی مێژوویە بە (بەهەشتی عدن) ناوبانگیان دەرکردبوو لە لایەنە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە وەک بەشێک لە کلتوری جیهان دەناسرا، لە ئێستادا بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ و گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

لە ئێستادا ئاوی ئاوەڕۆکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە زۆنکار جەباریش دەبێت، کە بە یەکێک لە ژینگە ئاوییەکانی باشوری عێراق دادەنرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان و سپۆڕانی بواری ژینگە، لە وڵاتێکدا کە دەوڵەت ناتوانێت خزمەتگوزارییە بنەرەتییان دابین بکات، لە ٧٠% ی خاشاک و پاشماوەی پیشەسازی راستەوخۆ تێکەڵ بە ڕوبارو ئاوی دەریاچەکان.

جاسم ئەسەدی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سروشتی عێراقی ناحکومی، کە بایەخ بە زۆنگا و هۆرەکانی باشور عێراق دەدات دەڵێت، بە بێ هیچ چارەسەرکردنێک راستەوخۆ ئاوی ئاوەڕۆکان و پاشماوەی ئاوی پیشەسازییەکان تێکەڵ بە ئاوی زۆنگاوە دەبێت، ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر زیندەوەر و ژینگە و ئاژەڵی ناوچەکە.

نادر موحسین بەخێوکەری گامێشی زۆنگاوەکان و ڕاوچی ماسیشە لە دەوروبەری زۆنگاوی حەبایسی پارێزگای زیقار دەژی ڕایگەیاند، زۆربەی زۆری گامێشەکان ناتوانن لە سەرچاوەی ئاوەکە بخۆنەوە کە نزیکە لە بۆری ئاوی ئاوەڕۆکانەوە، بۆیە ناچارن چەند کیلۆمەترێک دوورتر بڕۆن، بۆ ئەوەی ئاوی پاکژیان دەستکەوێت بۆ خواردنەوە.

نادر ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆکان بووەتە هۆی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆری ماسی، بەشێوەیەک بووەتە هەرەشەی لەسەر سەرجەم ئاژەڵ و پەلەوەرەکان کە لەناو زۆنگاوەکان ژیان بەسەر دەبەن.

پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر زۆربەی دانیشتوانی زۆنگاوەکان کە بە چەند هەزار کەسێک مەزەندە دەکرێن، لەو بڕوایەدا بوون جارێکی بەهەشتی عەدن لە ناوچەکەیان زیندوو دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسی ئاوی ئاوەڕۆوە خەریکە ئەو خەونەشیان نامێنێت.

بە تایبەت لە ئیستادا بەهۆی ئەو بۆنە ناخۆشەی ئاوەڕۆکانەوە بەشێکی دانیشتیوانی نزیک لەو شوێنانە ناچار بوون شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش باس لەوە دەکەن، بە تەنها ناتوانن بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆی ناوچەکە بکەن.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، دانیشتیوانی زۆنگاوەکان زۆرجار بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نایاساییی ئاوی ئاوەڕۆی ناوچەکەیان و باراناو ڕادەکێشن، هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سیستمی دوورخستنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی ناوچەکەوە، جگە لەوەش حکومەتی ناوخۆیی بە پارێزگاکان بودجەی پێویست دەسەبەر ناکەن بۆ دامەزراندنی وێستگەی چاسەرەکردنی ئاوی ئاوەڕۆی زۆنگاوەکان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای زیقار ئاماژە بەوە دەکات، نەبوونی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ زۆری بودجەی تێچوونەکەی، کە لە ئێستادا پێویستی بە بڕی ١٠٠ ملیار دینار نزیکەی ٦٩ ملیۆن دۆلار هەیە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی یونسکۆوە، لە ساڵی ٢٠١٦، زۆنگاوەکانی عێراقی خستە لیستی شوێنەوار دێرینەکانی جیهانەوە، ئەو کات عێراق بەڵێنی دا پارێزگاری بکات لە سیستمی ژینگەیی ناوچەکە و خزمەتگوزاری پێویست بۆ دانیشتوانی زۆنگاوەکان دابین بکات.

بەڵاک لە ئێستادا بەگوێرەی ڕیزبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم دەوڵەتی جیهانە کە مەترسییە ژینگەییەکانی لەسەرە، بەو هۆیەشەوە زۆنگاوەکان لە بابەتێکی کەلتورییەوە بووەتە بابەتێکی تەنها مانەوە بە زیندوویی.

لە ساڵی ١٩٩١، بەر فەرمانی سەدام حسین بڕیاردا بە وشککردنی زۆنگاوەکانی عێراق، دوای ئەوەی ببووە پەناگەیەک بۆ نەیارانی ڕژێمەکەی، ئەو وشککردنەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پانتایی زۆنگاوەکان، کە ئەو کات بە ١٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزندە دەکرا.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای لابردنی بەندا و بەربەست گڵینەکان کە لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حسیندا بنیاتنرابوون بۆ وشککردنی زۆنگاوەکان، جارێکی تر زۆنگاوەکان بوژانەوە و زیاتر لە ٢٠٠ جۆر باڵندە و ئاژەڵی کێوی گەڕانەوە ناوچەکە و زاوزێیان کرد.



ڕیکلام