بەراورد بە دوێنێ پێنجشەممە، نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نزمبووەتەوە.
بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ هەینی ١٤ی ٥ی ٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٦ دۆلار و ٦٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت .
هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٣ دۆلار و ٥٢ سەنت دیاریکراوە .
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە .
شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە .
لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە .
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.