سۆرانی  |  بادینی  |  English      

قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە دەرکرد

  2021-05-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە دەگیرێتەبەر و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت هەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

قائمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 17 ئایاری 2021، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی  چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە:  بەهەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەری ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز کراوە و نزیکەی ١٠٠ هەزار نەمام لە چیاکە رووێنراوە، ئەمە جگە لەو هەزاران دارەی کە خۆی لە چیاکەدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکرنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی خوارەوە دراوە و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاندووە، هەر کەسێک پابەند نەبێت رووبەرووی رێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە:

١ .لەزووترین کاتدا دەست دەکرێت بە ئاگر بڕ  بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاکە.

٢ .کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان هەبێت و پابەند دەکرێن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن.

٣ . مانەوەی گەشتیار و هاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.

٤ .ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

٥ .تیمەکانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاکەو ئەگەری ئاگر کەوتنەوە.

٦ .تیمی هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و هاتووچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.

٧ .داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن  دەکەین لە بڵاوکردنەوەی هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی هاوکارمان بن.