سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ڤیدیۆ.. موراد قەرەیلان لەبارەی شەڕی براکوژییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

  2021-06-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە گرتەڤیدیۆیەکدا پەیامێک ئاڕاستەی رای گشتی دەکات و تیایدا هاتووە، "داوا لە هەموو خاوەن ویژدان و وڵاتپارێزان و دیموکراسخوازان دەکەم کە ئێمە نامانەوێت خوێنی کوردستانیان بڕژێت، ئێمە لەبەرامبەر تورکیا شەڕ دەکەین".

لەگرتەڤیدۆیەکەدا، موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ خزمەتی میللەتی کورد ناکات، ئێوە دەڵێن پەکەکە هێرشی کردووە، پەکەکە کەی هێرشی کردووە؟". دەشڵێت، " هێشتا دەرفەت ماوە و شەڕ گەشەی بەخۆیەوە نەبینیەوە".

موراد قەرەیلان ئەوەشی خستوەتەڕوو، "کاتێک من ئەم قسانە دەکەم ئەمە لاوازیی نییە من کوردم و خۆم بۆ کوردایەتی تەرخانکردووە و تا لەژیانیشدا مابم خۆم بۆ کوردستان تەرخان دەکەم، بەڵام دڵم ژان دەکات، حزبەکەم  و سەرۆکایەتییەکەمان خوازیاری شەڕی کورد و کورد نییە لە سەدەی ٢١ دا".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامی کۆمیتەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
ئەوەشی وتووە، "تورکیا دەڵێت ئێوە میللەت نین و عەشیرەتن، ئەگەر بێتو ئێمە ئەم شەڕەبکەین ئەوکاتە قسەکانی تورکیا راست دەردەچێت".

ئەوەشی وت، "هەرچەند تورکیا هیچی پێناکرێت، بەڵام لەرێگای فڕۆکەکانییەوە هێرشمان دەکاتەسەر و دوژمنێکی دڕندەیە بەڵام ئەگەر ئێوە یارمەتی نەدەن ئەوا هیچی پێناکرێت، ئێوە چەندین ساڵە خۆتانگرتووە، ئێستاش خۆتانبگرن تا رەوشەکە ئارامبێتەوە، ئەوکاتە ئەوەی ئێوە دەتانەوێت ئێمە ئامادەین، ئەگەر ئێمە نەمانکرد ئەوکاتە ئەوە مافی ئێوەیە هەرچی بکەن".

هەر ئەمڕۆش، لەراگەیەندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)دا هاتووە، ئەو شەڕەی لە ئێستادا لە ناوچەکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ لەنێوان گەریلا و سوپای تورک شەڕێکی قورس هەیە، سەرباری ئەمەش لەنێوان هێزە سەربازیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەریلاش ئاڵۆزیەک هەیە کە "ئەگەر هەیە ببێتە هۆکاری شەڕ".

 چەند رۆژێک پیش ئیستاش، موراد قەرەیلان رایگەیاند،  "لەڕێگەی چەند کەسێکەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، شاندێكی نارد بۆ لامان ‌و پێیڕاگەیاندین كە ئێوە لە باكووری كوردستان ئاگربەست لەگەڵ ئێمە ڕابگەیەنن". دەشڵێت، "ئەوان بە هیچ جۆرێک هێرشیان نەکردووەتە سەر هێزەکانى پێشمەرگە و هەرگیز لەگەڵ ئەوەشدا نین ڕووبەڕووی شەڕێکی لەو جۆرە ببنەوە".

پێشتریش، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدوای کوژرانی ژمارەیەک پێشمەرگە لە چیای مەتینای سەر بە قەزای ئامێدی لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردووە کە "بکەرانەی ئەو رووداوە بە سزای توندی خۆیان دەگەن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەوتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان لەچیای مەتینا هێرشیانکردەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و تیایدا پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون، دواتریش وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری لە پەرەسەندنی گرژییەکاندا و داوای لەپەکەکە کرد خاکی هەرێم جێبهێڵێت.