رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، دوو خوشکی خەڵکی سنە لەلایەن هاوسەری یەکێکیان دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراون.
لە راگەیەندراوێکیدا رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ باسی لەوەکردووە، رووداوەکە لە یەکێک لە پارکەکانی گەڕەکی حاجیاوای شاری سنە بووە و تیایدا، دوو خوشک بە ناوەکانی "بەیان مورادی" و "سەحەر مورادی" لەلایەن هاوسەری بەیانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژراون.
بەگوێرەی رێکرخاوەکە، بەیان ماوەی چەند مانگێک دەبوو کە بەهۆی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی گەڕابووەوە ماڵی باوکی و بەر لە رووداوەکە بەیان و هاوسەرەکەی بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتریش هاوسەرەکەی بە چەکی کڵاشینکۆف سەرەتا سەحەر و دواتر بەیانی کوشتووە و هەڵهاتووە.
هاوکات، ئەوەش خراوەتەڕوو، تائێستا هاوسەرەکەی بەیان دەستگیرنەکراوە.