لە کەرکوک دوو کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە دۆلار دەستگیرکران

  2023-01-25  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوو کەسی بە تۆمەتی قاچاغچێتیکردن بە دۆلار لەنێوان کەرکوک و هەولێر دەستگیرکرد، کە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دیناریان پێبووە و هەوڵیانداوە بیبەنە ناو کەرکوک.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دینار دەکەن چڕکردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانیان لە بازگەی دارمان لەنێوان کەرکوک و هەولێر دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە دوو تۆمەتبار ھەوڵیانداوە داغڵی کەرکوکی بکەن، ئۆتۆمبێلەکەش بڕی ٢٠٠ ملیۆن دیناری لە جۆری ٢٥ هەزار دیناری تێدا بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو کەسە دەستگیرکراون و بەپێی دانپێدانانە سەرەتاییەکانیان، یەکێکیان خاوەنی چوار دەروازەی "کی کارد"ە لە پارێزگای کەرکوک و هاوکاری کەسێکی تری کردووە کە خاوەنی کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕکردنی دراوە و دانیاناوە بەوەی کە بڕێک دیناریان لە نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر وەرگرتووە.