بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر: نەورۆزە لە گەلی کورد و بە تایبەت کەسوکاری شەهیدان پیرۆز دەکەم

  2023-03-20  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەوەی لای کورد نەورۆزی کردووەتە مۆرک، فەلسەفەی پشت نەورۆزە لەمێژووی دێرینی ئەم گەلەدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە سەرکەوتنی ستەمدیدەکان بەسەر زۆردار و زوحاکەکاندا، سەرکەوتنی هێزی ڕووناکییە بەسەر تاریکی و تاریک پەرستەکاندا".

دەقی پەیامەکە:

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کورد و تەواوی ئەو گەلانە دەکەم، کە یادی نەورۆز دەکەنەوە.
جیا لە کورد، زۆر نەتەوەی دیکە هەریەکەو بە کلتور و دابونەریتی خۆی ئەم یادە دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی لای کورد نەورۆزی کردووەتە مۆرک، فەلسەفەی پشت نەورۆزە لەمێژووی دێرینی ئەم گەلەدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە سەرکەوتنی ستەمدیدەکان بەسەر زۆردار و زوحاکەکاندا،  سەرکەوتنی هێزی ڕووناکییە بەسەر تاریکی و تاریک پەرستەکاندا.
لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان، زۆرینەی شۆڕشەکان بەستراونەتەوە بە نەورۆزەوە، چونکە مانای پشت نەورۆز لە هەموو بارودۆخێکدا کوردی هانداوە قبوڵنەکردنی ژێردەستەیی، هەرچەندە دژبەرانی گەلەکەمان هەوڵیانداوە نەورۆز لەم مۆرکە خاڵی بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ڕەسەنی بۆنەکەوە، نەوە لە دوای نەوەی کورد شکۆمەندانەتر ئەم یادە پیرۆز دەکەن.
دووبارە نەورۆزە لە گەلی کورد و بە تایبەت کەسوکاری شەهیدان پیرۆز دەکەم، کە لە سایەی گیانفیدایی ڕۆڵەکانی ئەوان، ئێمە بە ئازادی دەتوانین ئەم یادە نەتەوەییە بکەینەوە.

وەهاب هەڵەبجەیی
بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر


ڕیکلام