عێراق: ئەو فڕۆکەیەی بۆردومانی فرۆکەخانەی عەربەتی کرد، لە سنوری تورکیاوە هاتووەتە خاکی عێراق

  2023-09-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەی لیوا یەحیا ڕەسوڵدا هاتوە، ئەو درۆنەی فڕۆکەخانەی عەربەتی بۆردومان کرد، لە سنوری تورکیاوە سنوی ئاسمانیی عێراقی بڕیوە. بەهۆی پەلامارەکەشەوە سێ پاڵەوانی هێزەکانی دژە تیرۆر شەهیدبون و سیانی دیکەش برینداربون.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئەو هێرشە دوژمنکارییە پێشێلکاریی سەروەریی خاکی عێراقەو دژی ئاسایش و سەلامەتی خاکی عێراقە، هەڕەشەشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکەو جیهان و دژە بەیاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ئەم هێرشە بەردەوامانە، هیچ کات لەگەڵ پرەنسیپەکانی پەیوەندی دراوسێ باشی دەوڵەتاندا یەکناگرنەوە، هاوکات سەرجەم هەوڵە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی عێراقیش بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دەشێوێنێت، بۆیە عێراق بە مافی خۆی دەزانێت سنورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێت. لەکۆتایدا سەرەخۆشی بۆ خێزانی شەهیدەکانمان و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکانیشمان دەخوازین.


ڕیکلام