سەرۆکایەتی کۆمار: عێراق لەبەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بێدەنگ نابێت

  2023-09-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، ھێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر شارەکانی ھەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی سەربازان بەتوندی سەرکۆنە دەکات، بۆ گەیاندنی پەیامی دەوڵەتی عێراقیش بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد بانگھێشت دەکرێت و نامەی ناڕەزایی ئاڕاستە دەکرێت.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەسەر روداوی ھێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی عەربەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھێرشە دوژمنکارییەکانی تورکیا لەرێگەی درۆنەوە بۆسەر شارە ئارامەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ پاساوێکی ئەمنییان نییە و پێچەوانەی ھەموو بنەمایەکی دراوسێیەتی باش و رێزگرتنە لە سەروەری دەوڵەتی عێراق.

باسی لەوەشکردوە، وەزارەتە ئەمنییەکانی عێراق راسپێدراون لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە بکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ھێرشەکە ئاگادار دەکرێتەوە، ھاوکات بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزییش بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد بانگھێشت دەکرێت و نامەی ناڕەزایی ئاڕاستە دەکرێت.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێت، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ھەموو ئەو شەھیدانە دەکات کە بەھۆی ھێرشە دوژمنکارییەکانی تورکیا شەھیدبوون و دژی بەردەوامی ئەو پێشێلکاریانەش دەوەستنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە عێراق باوەڕی بە گفتوگۆ ھەیەو  لەبەرامبەر ھێرشە بەردەوامەکانی تورکیاشدا بێدەنگ نابێت.