سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەش بڕگە یاسا تاوتوێ دەکات

  2024-02-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی بۆ سێ پڕۆژە یاسا کرد و بڕیارە سبەینێ شەش بڕگەی تر تاوتوێ بکات.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هاتووچۆ ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدا، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای نەشتەرگەری چاندنی ئەندامانی مرۆڤ و رێگری کردن لە بازرگانی کردن پێوەی ئەنجامدا، پەرلەمانتارێکیش لەجێی پەرلەمانتارێکی دیکە سوێندی یاسایی خوارد.

بڕیارە سبەینێش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و شەش بڕگە تاوتوێ بکات و لە بڕگەی یەکەمدا لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق بکات. 

دواتریش خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت، کە بریتین لە پڕۆژەیاسای تۆمارکردنی گیانلەدەستدان و لەدایکبوون، هەروەها پڕۆژەیاسای وەرگرتنی زانیاری و هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و دەستەی باڵا بۆ پەرەدان بە ژنان. 

لە کۆتا بڕگەشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لەسەر پرۆتۆکۆلی هەمواری ماددەی ٥٠ و ٥٦ لە رێککەوتنی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی بۆساڵی ١٩٤٤ دەکرێت.


ڕیکلام