دادگای فیدراڵی لەسەر راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆدەبێتەوە

  2024-02-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە 25ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سكاڵایەك سەبارەت بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

بەپێی ئەو خشتەیەی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاویكردووەتەوە، 25ی ئەم مانگە كۆبوونەوە لەسەر سكاڵایەك دەكرێت كە لەلایەن نۆ كەسەوە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم تۆماركراوە.

لە سكاڵاكەدا، داواكراوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبكرێن بە جێبەجێكردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2008، بەتایبەت ماددەكانی شەش، حەوت، هەشت و نۆ كە تایبەتن بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

دوایین جاریش كە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایە كۆبووەوە، رۆژی 21ی مانگی رابردووی ئەمساڵ بوو.
 


ڕیکلام