بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئامادە نیم زانیاری لەسەر برا کوردەکانم بدەمە هیچ وڵاتێک

  2024-05-16  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت،"یەکێتی بەدۆخێکی قورسدا تێپەڕیوە و ئێستا جیاوازترە لەڕابردوو، هاوکات باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە و جگە لەوەش پەیوەندییەکی باشمـان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش هەیە بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا"، دەشڵێت،" یەکێتی هیچ کات دژایەتی تورکیا ناکات و ئامادەش نیم زانیاری لەسەر برا کوردەکانم بدەمە هیچ وڵاتێک".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدیدارێکیدا لە پەیمانگای نیولاینس لە واشنتن رایگەیاند:"یەکێتی بەدۆخێکی قورسدا تێپەڕیوە و ئێستا جیاوازترە لەڕابردوو، هاوکات باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە و جگە لەوەش پەیوەندییەکی باشمـان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش هەیە بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، " هەموومان دەزانین چی روودەدات لەعیراق، ئاشکرایە یەکێتی و پارتی دوو حزبن لەڕووی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژ و پێکهاتەشەوە جیاوازن، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە، بۆ نمونە لە ئەمریکاش هەر وایە بۆچی دوو حزبی وەک یەک هەبن، پێم وایە جیاوازییەکەمان هەندێک جار باشە و هەندێک جاریش خراپ، لەئێستاشدا پەیوەندییەکەمان زۆر باش نییە و هەندێک جار هاوکێشەکە یاری دەکات ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە دۆخی هەرێم و ناوچەکەوە هەیە". 

هەر لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە گروپی تیرۆریستی داعش و دۆخی ئێستای عێراق ڕایگەیاند ،" دەمەوێت زۆر بەڕوونی پێتان بڵێم داعش بەتەواوی تێکنەشکاوە و دەیان هەزار داعش لەزیندانەکانی سوریادان، بەڵکو جۆرێک لەپەراوێز خستنیان هەیە، دەتوانین ئەوەندە باوەڕمان بەخۆمان هەبێت بڵێین زۆر توانای رووبەڕوبوونەوەیان نەمابێت و ناوچەی زۆریان بەدەستەوە نەمابێت، هاوکات ئێمە هێزێکی دژە تیرۆرمان دامەزراندووە کەزۆر نزیکن لەهێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لەماوەی ٣ مانگی رابردوودا بەردەوام لەۆپراسۆندا بوون و پەیوەندی باشیشمان لەگەڵ هێزە ئاسایشەکانی عیراقیشدا هەیە و لەچەند ناوچەیەک کاری هاوبەشمان هەیە".

وتیشی، " پێویستە ئەمریکا بەجۆرێک لەهەماهەنگی و پەیوەندیدا بێت، کە رێگری لەوە بکات وڵاتانی وەکو عیراق بگەڕێنەوە دۆخی خراپی پێشوویان، دۆخی کوردستان و عیراق ئەوەندا خراپ نییە لە باس دەکرێت، وەک ئەوەش نییە کەل ێرە دەوترێت، گوایە لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە، یان سودانی نوێنەری ئیرانییەکانە یان هەر شتێکی لەوجۆرە کە دەوترێت، دەمەوێت بۆ هەموو لایەکی روونبکەمەوە دۆخی عیراق و کوردستان رەش و سپی نییە، هاوکات لەوە تێدەگەین کە دەتوانیین دۆخەکە باشتربکەینەوە و کاری گەورە ئەوەیە رەنگەکە بکەینەوە خۆڵەمێشی، ئێمە وەک کورد و پارتی و یەکێتی زۆر هەوڵی ئەوە دەدەین سەربەخۆ بین و لەڕووی ئاسایشیشەوە سەربەخۆ بین و لەسەر پیی خۆمان راوەستاوین، دەمانەوێت لەبری ئەمریکییەکان خۆمان ئاگامان لەخۆمان بێت و شان بدەینە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییەو بەرگری لەخۆمان بکەین، بەڵام عیراق لەو رووەوە دۆڕاوە و پێویستی بەهاوکارییەکی باشە و دەرفەتێکی باشی هەیە تا بچێتە دۆخێکی دیکەوە و پێویستی بەرێککەوتنی دوو لایەنە هەیە لەگەڵ ئەمریکا لەزۆر رووەوە،هاوکات پێویستە بتوانین کار بۆ ئەوە بکەین رێککەوتنی دوو لایەنەی دارایمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت".

سەبارەت بەدۆخی کوردستان لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند:" کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ئارام و سەقامگیرە، بەڵام نائومێدیش هەیە و رەنگە نەمانتوانیبێت وەک پێویست هاوکاری خەلک بین، هێشتا دەرفەتی کاری باشمان نەڕەخساندووە و کەموکورتی هەبووە و هێشتا ژمارەیەکی زۆری خەڵک نەدارن، کە ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن و پێویستە خەونی گەورەمان چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت و کوردستان بخەینە قۆناغێکی دیکە، یەکیتی ئێستا جیاوازە و دید و بۆچونێکی جیاوازی هەیە و بەرۆحیەتێکی یەکگرتوو کاردەکات، پێم وایە ئەمەش یارمەتیمان دەدات کورسی زیتر بەدەستبهێنین".

 
 
 
 
 


ڕیکلام