شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە

  2024-06-05  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە نیازی چارەسەری ریشەیی كێشەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی كرایەوە.

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد سەبارەت بە بودجە و نەوت كرا، تیشكخرایە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە رێگاچارەی هاوبەش.

دەشڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوەو خواستی حکومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، بە جۆرێک کە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون،بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشودرێژی کۆمپانیاکان کرا و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان بە پێویست زانرا لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە  کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر  بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.

 


ڕیکلام