وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ سودانی: عێراق ڕۆڵ بگێڕێت له‌ كۆنترۆڵكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌

  2024-08-04  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌نجامدا و داوا دەکات عێراق ڕۆڵی هەبێت لە کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژیه‌كان.

ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئه‌نجامدا و باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگی جەختکردنەوە لە ئاشتی و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخی ئێستای ناوچەکە و فراوانبوونی ململانێکان، بەندە بە ڕاگرتنی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ و ڕێگریكردن له‌ فراوانبونی هێرشه‌كان بۆسه‌ر لوبنان و ڕاگرتنی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ و حكومه‌ته‌كه‌ی و به‌رگرتن له‌ هێرشی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری زایۆنیستی بۆ سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆتاییهێنان پێشێلكارییه‌ دوباره‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت و هه‌وڵه‌كانی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ململانێ و فراوانكردنی بازنه‌ی قه‌یرانه‌كان.

 لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خواستی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر لەلایەن لایەنە جیاجیاکانی ئەو ململانێیە و عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە.

 


ڕیکلام