فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەتوندی پەلاماری بێبەزەییانەی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، بەتایبەتی لە ماوەی کەمتر لە 72 سەعاتی رابوردودا لە دوو پەلاماری جیادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دهۆک حەوت هاوڵاتیان شەهید کردوەو کە ئەندامی دوو خێزانن یەکێکیان منداڵە و ژمارەیەک هاوڵاتی تریشیان بریندارکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەن لەخوای گەورەش داوای شیفا بۆ بریندارەکان دەکەن.
باس لەوەشدەکات، بەردەوامی پەلامارەکان و بێدەنگی و بێ هەڵوێستی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم لەئاست شەهید و بریندارکردن و پێشێلکردنی سیادەی عێراق جۆرێکە لە شەرعیەتدان بەپەلامارەکان، جارێکی تر داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن ئەم بێدەنگیە بشکێنن و هەڵوێستی جددی بنوێنن.