راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم

  2024-09-08  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی نێوان هەرێم و بەغداد بڵاوکردەوە و وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، " رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەر بۆ دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەبێتە هۆی زیادکردنی متمانە و سەقامگیریی ئابووریی عێراق".

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەی دۆسیە داراییە هاوبەشەکان کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەوڵە حکومییەکان بوو بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیە داراییەکانی وەک، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگ و باج، کە گرنگترین دۆسیەن و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری ئابووری عێراق هەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە دەبنە هەلێکی مێژوویی لە بەرژەوەندیی دارایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان، جەخت لە گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگی دارایی نێوان هەردوولا دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان.

وتیشی، "رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەر بۆ دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان هاوکار دەبێتە هۆی زیادکردنی متمانە و سەقامگیریی ئابووریی عێراق."