وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی توندی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە

  2020-09-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی عەلی عەولاوی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە سەبارەت بەوەی هەرێم نەوت بە قاچاغ دەباتەوە دەرەوە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ بڵاویکردەوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو پڕوپاگەندانی ئەم دواییە وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕەتدەکاتەوە، سەبارەت بە قاچاغ بردنی نەوت بۆ دەرەوە، جەختیشیش دەکەینەوە ئەو پڕوپاگەندە هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنها پێشبنی و خەمڵاندنە بی ئەوەی بەڵگەی هەبێت".

لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو داتا و زانیارییەی تایبەت بە بەرهەم و هەناردەی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەشێوەیەکی خولی بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن دامەزراوەی دیلۆتەوە وردبینی تیا دەکرێت، بۆ زانیاریش ڕاپۆرتەکانی دیلۆت ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕای گشتی سەیری بکات.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمدا هاتووە "ڕاستیە هەیە دەبێت حکومەتی فیدراڵی چاو لە حکومەتی هەرێم بکاتن بەو مانایەی ڕێگە بدات بە وردبینی و بڵاوکردنەوەی بەرهەم و هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی".

ڕوونیشیکردووەتەوە، حکومەتی هەرێم دوای ڕێککەوتنی ئۆپیک پڵەس بڕی بەرهەمی خۆی کەمکردووەتەوە، ئەو بڕەی کە ئێستا بەرهەمی دەهێنێت لەئاستی مافەکانیدا نییە گەر بەراورد بکرێت بە بەشەکانی دیکەی عێراق.

هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختیکردووەتەوە، حکومەتی هەریمی کوردستانە بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمانی مافە دەستورییەکانی، بەردەوامیش دەبێت لە ماف و بەرپرسیارێتییەکانی لەو ڕوەوە کە تایبەت بە لایەنەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم روونکردنەوەیەیان لە چوارچێوەی حاڵەتی گفتوگۆییەکی فراوانتری نێوانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە ئامانج لیی وەدیهێنانی ڕاستگۆییە لە پەیوەندییەکان و دڵنیایی دان و ڕزگرتن لە ماف و ئەرکەکانی هەردوولا بە گوێرەی دەستور.

ئەو بەیاننامە توندەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت دوێنی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبرای وزە رایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٥٠ بۆ ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەشێک لەو بەرهەمە نییە کە بە رێگەی قاچاخ دەفرۆشرێت، چونکە لە هەندێ کێڵگەی نەوت دزەپێکردنی نەوت هەیە و بڕەکەی نازانن چەندە .

وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی “S&P Global Platts ”ی ڕاگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان بووەتە سەرچاوەی بەقاچاخبردنی نەوت و ئەوەش وایکردووە عێراق، تووشی شکستبێنێت لە پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

لە ئێستادا عێراق بە دووەم بەرهەمهێنی ڕێکخراوی ئۆپیک دادەنرێت.