پارێزگاری سلێمانی: چەند رێکارێک بۆ پابەندبوونی هاوڵاتیان بە بەستنی دەمامک دەگرینەبەر

  2020-10-29  | 
سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی
 گۆران عەبدوڵا
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوی چەند رێکارێک بۆ پابەندبوونی سەرجەم هاوڵاتیان بە بەستنی دەمامک، بگرنەبەر.

لە لیدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئامانج لە دەرکردنی سزای نەبەستنی دەمامک، تەندروستییە نەک دارایی.

وتیشی، پێویستە سەرجەم هاوڵاتیان لە شوێنە داخراوەکان دەمامک ببەستن، ئەگەرنا بەپێی بەیانی ژمارە ٥٢ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت و مۆڵەتی چوونەژوورەوەشیان پێنادرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند، "دەبێت هەموو فەرمانبەرانی دامودەزگاکان و هاوڵاتیان لە ژوورە داخراوەکاندا دەمامک ببەستن و لەدەرەوەش مەوادی یەکتر بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لەیەک نزیکبوونەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن، بەڵام ئەگەر یەک کەس پابەند نەبێت، وەک ئەوە وایە کە هیچمان نەکردبێت، بۆیە دەبێت کارێک بکەین کە سەرجەم هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەکان بن".

پارێزگاری سلێمانی دووپاتیشیکردەوە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوی ئەو لایەنانە دیاری بکەن کە لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەن کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارە خۆپارێزییەکان نابن.

ئەم لێدوانەی پارێزگاری سلێمانی دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی ئەمڕۆ فه‌ره‌یدون عومه‌ر ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى هاتووچۆى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند، له‌رۆژى هه‌ینى 30-10-2020ه‌وه،‌ سزاى نه‌به‌ستنى دەمامک له‌لایه‌ن شۆفێرانى سه‌رپێچیكاره‌وه‌ به‌شێوه‌ى (پى دى ئاى) جێبه‌جێده‌كرێت، كه‌ بڕه‌كه‌ى 50 هه‌زار دیناره‌.



ڕیکلام