عێراق.. هەرکەسێک لە گەندەڵییەوە تێوە گلابێت بە بەڕێوەبەری گشتی دانامەزرێت

  2020-11-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریدا، هەر کەسێک تێوە گلابێت لە بەرتیل و دزینی داهاتی گشتیی، بە هیچ شێوەیەک بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرزتر دانامەزرێت.

حەسەن نازم وەزیری گواستنەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەنجامیدا ڕایگەیاند، حکومەت کۆبوونەوەی بەردەوامی دەبێت لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو هەڵە و کەموکوڕیانە کە لە یاسای قەرزکردندا هەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ کراوە دەربارەی پەتای کۆرۆنا و ڤاکسینەکانی، لەو ڕوەوە وەزیری تەندروستی  بە وردی باسی دۆخی کۆرۆنای کردووە لە عێراقدا.

جەختیشیکردەوە، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە، پێشنیاز کراوە بۆ ئەوەی عێراقیش بچێتە ناو ئەو پابەندەبوونە داراییانەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، بە مەبەستی دابینکردن و بەدەستهێنانی بڕی پێویستی ڤاکیسنی کۆرۆنا، جگە لەو لە ٢٠%ی کە بۆ هەموو وڵاتێکی جیهان دابیندەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ٢٥ هەزار ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و پلانیان هەیە ساڵی داهاتوو سەرجەم کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن.



ڕیکلام