23 پەرلەمانتار لەسەر هەڵسوکەوتی سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتنە دەنگ

  2020-11-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
23 پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان و هەڵسوکەوتی سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتنە دەنگ و دەڵێن رێگەنادەن دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان بە پێی‌ بەرژەوەندی‌ و خواست و ویستی‌ دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن یان لایەنێکی‌ سیاسی‌ بەکاربهێنێت.

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەشکردوە هەموو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوی‌ و یاسایی‌ و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەمای‌ متمانەدانی‌ گەل بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی‌ پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین.

دەقی ڕاگەیەندراوی 23 پەرلەمانتارەکە:

ڕاگەیەنراوی‌ (٢٣) ئەندام پەرلەمان بۆ ڕایگشتی‌ خەڵکی‌ کوردستان

بەناوی‌ خوای‌ بەخشندەی‌ میهرەبان

هاووڵاتیانی‌ بەڕێز :

دوا بەدوای‌ کۆبوونەوەی‌ ژمارە (١٠)ی‌ خولی‌ ئاسایی‌ پایزەی‌ ڕۆژی‌ چوارشەممە، (٢٥ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠)، کە تیایدا پێشێلی‌ ژمارەیەک ماددەو بڕگەی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان کرا، و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان لەدەرەوەی‌ خواستی‌ خەڵک و لە پێناو ڕازیکردنی‌ دەسەڵاتی‌ جێ بەجێکردندا، بە پێچەوانەی‌ چەند دەقێکی‌ یاسایی‌ هەڵس و کەوتی‌ کرد، بە پێویستی‌ دەزانین هەڵوێستی‌ خۆمان بۆ ڕایگشتی‌ ڕوون بکەینەوە کە ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەی‌ لە خوارەوە ناومان هاتووە، پێمانوایە پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی‌ یاسادانان و چاودێریکردنە لە هەرێمی‌ کوردستاندا و مەرجەعی‌ سیاسی‌ و یاسایی خەڵکی‌ کوردستانە، و ڕێگە نادەین دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێی‌ بەرژەوەندی‌ و خواست و ویستی‌ دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن یان لایەنێکی‌ سیاسی‌ بەکاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەی‌ گەل لە ڕێڕەوی‌ ڕاستەقینەی‌ خۆی‌ لا بدات و ئیرادەی‌ نوێنەرانی‌ خەڵک لەوە زیاتر پێشێل بکات .

لە داهاتووشدا هەموو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوی‌ و یاسایی‌ و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەمای‌ متمانەدانی‌ گەل بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی‌ پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین، تا لەوە زیاتر خەڵک بێ ئومێد نەکرێت و کەلێنی‌ نێوان خەڵک و دامەزراوەکان زیاتر نەبێت و لانیکەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتی‌ گەل بکات و دەنگ و ڕەنگی‌ ڕاستەقینەی‌ هاووڵاتیانی‌ ستەم لێکراوی‌ کوردستان بێت لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن شکستی‌ هێناوە لەوەی‌ بتوانێت تەنانەت مووچەی‌ مووچەخۆران دابین بکات .

نمونەی‌ ژمارەیەک پێشێلکاری‌ یاسایی‌ و پەیڕەویی‌ دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان :

١ـ بە پێی‌ خاڵی‌ (چوارەم) لە ماددەی‌ (٤٨) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، سەرۆکی‌ فراکسیۆن یان نوێنەری‌ پێکهاتەیەک، یان لانیکەم (١٠) ئەندام بەر لە (٢٤) سەعات لە وادەی‌ دانیشتنەکە، دەتوانێت داوای‌ زیادکردنی‌ بابەتێک بۆ بەرنامەی‌ کار بکات، بابەتەکە گشتی‌ و بە پەلە بێت و دواخستنی‌ ببێتە هۆی‌ لە دەستدانی‌ گرینگی‌ داواکارییەکە، بەڵام دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پشتیان کردە داوای‌ گفتوگۆی‌ کێشەی‌ مووچەی‌ مووچەخۆرانی‌ کوردستان، و بە پێچەوانەی‌ ئەم بڕگەیە ڕەفتاریان کردو واژۆی‌ (٢١) ئەندام پەرلەمانیان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان فەرامۆش کرد، کە لە کاتی‌ یاسایی خۆیدا پێشکەش کرابوو .

٢ـ بە پێی‌ خاڵی‌ (یەکەم)، لە ماددەی‌ (٦٦)ی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان، (١٠) ئەندام دەتوانن داوایەک پیشکەش بکەن بە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌، بۆ ئەوەی‌ بابەتێکی‌ گشتی‌ بخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا بۆ بەدیهێنانی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌، بە پێی‌ خاڵی‌ (سێیەم) لە هەمان ماددە، دەبێت دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ لە ماوەی‌ (١٤) ڕۆژدا ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی‌ کارەوە، بەڵام بە پێچەوانەی‌ ئەو ماددەیەوە، دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ یاداشتی‌ (١٦) پەرلەمانتاریان فەرامۆش کرد کە لە ڕۆژی‌ (٢ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠) پێشکەشکرا بوو بۆ گفتوگۆی‌ بابەتی‌ دەستگیرکردنی‌ ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان لە پارێزگای‌ دهۆک بە ئامادەبوونی‌ وەزیری‌ ناوخۆ .

٣ـ بە پێی‌ بڕگەکانی‌ (یەکەم) و (سێیەم) لە خاڵی‌ (دووەم)ی‌ ماددەی‌ (٥٦)ی‌ پەیڕەو، ئەندامی‌ پەرلەمان بۆی‌ هەیە بۆ ماوەی‌ یەک دەقیقە لەهەر کاتێکی‌ دانیشتنی‌ پەرلەماندا لە ڕێی‌ خاڵی‌ پەیڕەوییەوە ئاخاوتن بکات، کاتێک بینی‌ پێشێلی‌ یەکێک لە ماددەو بڕگەکانی‌ دەستور یان یاسایەکی‌ بەرکار کرا، بەڵام دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ و خودی‌ سەرۆکی‌ پەرلەمان لە دانیشتنی‌ ڕۆژی‌ (٢٥ی‌ ١١ی‌ ٠٢٠٢٠) بە پێچەوانەوە ڕێگەی‌ نەدا ئەندامان بە پێی‌ ئەم مافە پەیڕەوی‌ و یاساییە بۆچوونەکانیان دەربڕن و ئەرکی‌ خۆیان جێ بەجێبکەن و ڕێگەی‌ لێگرتن و مایکی‌ لەسەر کوژاندنەوە .

٤ـ بە پێی‌ بڕگەی‌ (سێیەم) لە ماددەی‌ (٦٠)ی‌ پەیڕەو، پێویستە ئەو پرسیارانەی‌ کە بە نووسراو یان زارەکی‌ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی‌ حکومەت دەکرێن لە ماوەیەک لە (٧) ڕۆژ تێپەڕ نەکات وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەی‌ ئەم بڕگە پەیڕەویی و یاساییەوە، بەهۆی‌ لاوازی‌ دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ و بێبایەخ تەماشاکردنی‌ داوای‌ پەرلەمانتاران کە داوای‌ خەڵکی‌ کوردستانن، زۆرینەی‌ زۆری‌ پرسیارو بەدواداچوونەکان لەو ماوەیەدا ناگەڕێنەوەو هێندێک لە پرسیارو بەدواداچوونەکان زیاتر لە چوار مانگ دوا دەکەون و هێندێکیان هەر وەڵام نادرێنەوە، و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمانیش هیچ هەڵوێست و ڕێکارێکی‌ نییە بۆ ئەم یاساشکێنیەی‌ دامەزراوەی‌ جێ بەجێکردن .

٥ـ لەبەر گرنگی‌ بەرنامەو پلانی‌ حکومەت لە بواری‌ خەرجی‌ و داهاتدا، لە پەیڕەوی‌ ناوخۆدا بەشێکی‌ سەربەخۆ تەرخانکراوە بۆ بابەتی‌ بودجەو ژمێرەی‌ کۆتایی‌، بەڵام ئەوە دوو ساڵە دەسەڵاتی‌ جێ بەجێکردن زۆر بە ئاشکرا سەرجەم ماددەکانی‌ (٩٨ تا ١٠٩) پێشێل دەکات و دەستەی‌ سەرۆکایەتیش هیچ هەڵوێستێکی‌ نییە لە پابەندکردنی‌ دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن، لە کاتێکدا حکومەت لە پەرلەمانەوە متمانەی‌ وەرگرتووە .

٦ـ بە پێی‌ ماددەی‌ (١١١) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆ، پێویستە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌‌ کاری‌ پەرلەمانی‌ بۆ فراکسیۆن و ئەندام پەرلەمانە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستەبەر بکات، بەڵام دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان ڕەچاوی‌ ئەم مافە ناکات کە لەم ماددەیەدا هاتووە و جیاوازی‌ دەکات .

٧ـ بە پێی‌ خاڵی‌ (یەکەم) لە ماددەی‌ (٩)ی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆ، پێویستە دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان بە ئاشکرا بەڕێوە بچن، و بۆ خەڵکی‌ کوردستان پەخش بکرێن، بەڵام بە پێچەوانەی‌ ئەم بڕگەیەوە، دەزگای‌ ڕاگەیاندنی‌ پەرلەمان کە لەژێر سەرپەرشتی‌ ڕاستەوخۆی‌ سەرۆکایەتیدایە جیاوازی‌ دەکات لە پەخشکردنی‌ دەنگ و ڕەنگی‌ پەرلەمانتاراندا، بەتایبەت ئەو کاتانەی‌ پەرلەمانتاران بۆچوونیان لە بۆچوونی‌ دەسەڵات جیاوازەو بە دڵی‌ دەزگای‌ جێ بەجێکردن و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان ئاخاوتن ناکەن دەنگ و ڕەنگیان بەجۆرێک دەبڕدرێت و لا دەدرێت کە خەڵک لە ڕاستییەکان تێ نەگات، هەرکەسێکیش بیەوێت دەتوانێت تەماشای‌ پەخشی‌ دانیشتنەکان بکاتەوە تا دەیان نمونەی‌ لەو جۆرە ببینێت .

٨ـ هەڵوەشاندنەوەی‌ بەرنامەی‌ دانراوو ڕاگەیەنراوی‌ پەرلەمان لەسەر داواو ویستی‌ دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن، وەک هەڵوەشاندنەوەی‌ کۆبوونەوەی‌ ڕاگەیەنراوی‌ ڕۆژی‌ (١٧ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠)، کە بڕیاربوو گفتوگۆ سەبارەت بەپێشهاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبوونی‌ حکومەت، بەڕێوە بچێت .

ناوەکان :
1. عه‌بدولستار مه‌جید .
2. عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح ته‌ها .
3. د.شێرکۆ جەودەت .
4. سیروان بابان .
5. د.موحیەدین حەسەن یوسف .
6. ئەبوبەکر هەڵەدنی‌ .
7. ڕووپاك ئه‌حمه‌د ڕه‌حمان .
8. دیاری‌ ئەنوەر حەمەڕەحیم .
9. به‌دریه‌ ئیسماعیل مه‌حمود .
10. هڵز ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د .
11. عوسمان كانی‌ كورده‌یی‌ .
12. ئاشنا عه‌بدوڵڵا قادر .
13. شیرین ئه‌مین عه‌بدولعه‌زیز .
14. د.شایان کاکە ساڵح .
15. د.هه‌ورامان گه‌چێنیه‌یی .
16. دابان موحەممەد حسێن .
17. موسلیم عه‌بدوڵڵا قه‌صری .
18. جه‌لال موحه‌ممه‌د ئه‌مین .
19. عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌ .
20. د.كازم فاروق
21. سیپان سالم ئامێدی‌ .
22. كاوه‌ عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن .
23. مژده‌ مه‌حمود موحه‌ممه‌د .

لەگەڵ ڕێزدا
٢٦ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠