لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، کاتژمێر 4:15 خولەکی سەرلەئێوارەی ئەمرۆ لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر - کەرکوک لەنزیک دۆڵەبەکرە، پیکابیکی دەبڵ کە لە کەرکوکەوە بەرەو هەولێر دەهات، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و لەشەقام دەرچوو و چووە دیوەکەی تری شەقام و لەوێش کەوتە سەر رێگای تانکەرێکی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان کە بەرەو کەرکوک دەرۆیشت و ئەویش نەیتوانی خۆی پیانەکێشێت، بۆیە پێکدادانی روبەڕوو لەنێوانیاندا روویدا و لە هەمانکاتدا تاکسییەکیش کە بەرەو کەرکوک دەرۆیشت بۆ تووشنەبوون بەڕووداو لەگەڵیان برێکی کرد و ئەویش کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو هەڵدێری تەنیشتی شەقامەکە رۆیشت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئەنجامی رووداوەکە، شۆفێر و سەرنشینی پیکابەکە گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری ماددیش کەوتووتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاندووە، تکایە شەقامەکان تەڕن و مەودای بینین کەمە، بۆیە هەتا بۆتان دەکرێت تیژڕەویی مەکەن، چونکە ماڵوێرانی بەدواوەیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی١١ی٢٠٢٠، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگای نێوان دهۆک و هەولێر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
پێشتر ئازاد تەها وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاندبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان دهۆک و هەولێر و لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش دوو ئۆتۆمبێل وەرگەڕاون.
ئاشکراشیکردبوو، لەکاتی وەرگەڕانی دوو ئۆتۆمبێلەکەدا و لەو کاتەدا کە خەڵک لەدەوری دوو ئۆتۆمبێلەکە کۆبوونەتەوە بۆ یارمەتیدانی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان، ئۆتۆمبێلێکی تر بە خێرایەکی زۆر خۆی کێشاوە بەناو ئەو خەڵکەدا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.