عەبدوللـەتیف ئەحمەد مەرجەکانی دیبەیتی لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی ئاشکراکرد

  2020-11-28  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەبدوللەتیف ئەحمەد وتاربێژی مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی و رێبەری سەلەفییەكانی کوردستان مەرجەکانی دیبەیتی لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی ئاشکراکرد.

بەڕێوەبەرى سۆشیاڵ میدیای عەبدولـلەتیف ئەحمەد رایگەیاند، "مەرجەکانى دانیشتنى دکتۆر عبداللطیف لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی بێ باوەڕ بە ئیسلام بریتین لە:

١-موجادەلە و مونازەرەیەکى زانستى بێت و دور بێت لە جنێوو و قسەى نەشیاو، بەتایبەت بەرامبەر پیرۆزیەکانى ئیسلام .

٢-قسە لەسەر بابەتە سەرەکییە گەورەکان (الأصول والکلیات) بکرێت وەک (الایمان بالله ورسله وکتابه...)، نەک لەسەر بابەتە لاوەکیی و لقەکان؛ چونکە شتى لاوەکى و جوزئی كاتى زۆری دەوێت و بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بەشی ناکات ، وە تاوەکو لە تەوەرێک تەواو نەبین نەچینە سەر تەوەرێکی تر.

٣- دانیشتنەکە ڕوو بەڕوو بێت لە سلێمانى یان هەولێر نەک بە ڕێگاى ئۆنلاین، وە ڕاستەوخۆ پەخش بکرێت لە کەناڵى ئاسمانییەوە، وە هیچ یەکێکیان کەسیان لەگەڵ نەبێت و هیچ پەرتوک و مۆبایل و کۆمبیوتەريان لەبەر دەست نەبێت و سەماعەشيان لەگوێ نەبێت، بۆ ئەوەى بە زانستى خۆیان قسە بکەن، نەک قسەى ئەم و ئەو نەقڵ بکەن".

بەڕێوەبەرى سۆشیاڵ میدیای د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد راشیگەیاندووە، پابەند نەبوون و دەرچوون لەم مەرجانە کۆتایی بە دیبەیتەکە دەهێنێت و کەسى پابەند نەبوو بە ناحەق و دۆڕاو حیساب دەکرێت.

دەشڵێت، "چاوەڕێی وەڵامتین بە کردەوە بێت بۆ دانیشتنەکە لەمڕۆوە تا دە ڕۆژی تر هەر کاتێک بێیت دکتۆر ئامادەیە إن شاء الله".

لە وەڵامیشدا مەریوان هەڵەبجەیی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "دەربارەی دیبەیتەکە بانگخواز دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد ڕازی بووە، جگە لە مەرجە کۆنەکانی، مەرجی زیاتریشی داناوە".

دەشڵێت، "مەرجە نوێیەکانی وا نیشان دەدات کە نایکات، چونکە بەربەستی کاتی بۆ من داناوە و دەڵێت دەبێت لە کوردستان بێت و لەماوەی دە رۆژدا ساز بکرێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دەزانێت کە من لە ئەوروپا دەژیم و بەهۆی دۆخی ڤایرۆس و ئامادەکاری سەفەر و ڕێکخستنی دیبەیتەکە مەحاڵە لەماوەی دە رۆژدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام من هەر ئامادەم، داوا لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکەم، بە سوپاسەوە، پەیوەندی لەگەڵ دکتۆر ببەستن و پاش وتووێژی هەموومان هەر بڕیارێک بدرێت من ڕازیم".

مەریوان هەڵەبجەیی راشیگەیاندووە، سوپاس بۆ بوێری دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد.




ڕیکلام