یوسف محەمەد: بەیاننامەکەی گۆڕان لەژێر فشاری پارتی دەرکراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی دەکات

  2020-11-30  | 
یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق
ئەرشیڤ
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەیاننامەکەی ئەمشەوی گۆڕان لەژێر فشاری پارتی دەرکراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی دەکات نەک جەماوەری گۆڕان.

یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "کەمترین ئەرکمان ئەمڕۆ پشتیوانی و دەستخۆشییە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە بە تەپڵ کوتین و هاوار کردن و پێداگرییان بۆ باس کردنی کێشەی ژیانی خەڵکی هەژار و بە گواستنەوەی وێنەی ناڕەزایەتییەکانیان «سێلفی گرتن!»، زیندویەتییان گەڕاندەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و هیوادارین لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بن، تەنانەت گوێ بە بەیاننامانەش نەدەن کە هەندێ بەرپرسی حیزبی لەژێر فشاری پارتی دەریدەکەن، وەک ئەو بەیاننامەی ئەمشەو کە بەناوی گۆڕانەوە دەرکراوە و تەنها تەعبیر لە نوسەرەکەی دەکات، نەک جەماوەری گۆڕان کە پەرلەمانتارانی نوێنەرایەتیی دەکەن".

وتیشی، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕویدا، ئامانجەکەی لای هەر پەرلەمانتارێک هەرچییەک بێ، گواستنەوەی خەم و ئازار و کێشە رۆژانەییەکانی خەڵکی کوردستان بو بەڕوی دەسەڵاتی ئەمری واقعی هەرێم کە زۆر نابەرپرسیارانە و بێباکانە گوێی خۆی لە ئاست بێ موچەیی و بژێویی سەختی هاونیشتیمانییان خەواندوە. ئەوەی پەرلەمانتارانی ناڕازیی کوردستان ئەنجامیاندا کارێکی ئاسایی و ئەرکێکی سادەی نوێنەرایەتی کردنی خەڵکە، ململانێکان لەناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی بەرزی لێوە بێت زۆر باشترە لەوەی بگوازرێتەوە سەر شەقامەکان، تەنانەت ئەگەر بکێشێت بۆ دەمەقاڵە و روبەڕوبونەوەی ئاشتییانەی ناو پەرلەمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەر زیندویەتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە بە دڵنیاییەوە فشاری جدی لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دروست دەبێ بۆ چارەسەری کێشەی بژێوی و ژیانی هاوڵاتییان، دەشڵێت، "هەر بۆ وەبیرهێنانەوە دوای هەڵبژاردنمان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی تری دەستەی سەرۆکایەتی لە کۆتایی نیسانی 2014، سەرەڕای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا هاوشێوەی ئێستا، سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت وەک ئێستا، سەرەڕای شەڕی گروپی تیرۆریستیی داعش، تا ڕێگری لێکردنمان لە 12/ 10/ 2020، یەک دینار لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم کەمنەکرایەوە (کە ئەو کاتیش پڕۆژە بۆ ئەوە هەبو). ئەمە جگە لە چەندین کاری تر کە تا ئێستاش کاریگەریی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان و خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە و، لە دەرفەتی تردا باسیان ئەکەین. هەمو ئەمانەش بە هۆی کارایی ئەندامانی پەرلەمان و زیندویەتیی پەرلەمانەوە بو. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەگەر بییەوێت بەهێز بێت و پەرلەمانیش بە بەهێزی بهێڵێتەوە ئەبێ نوێنەرایەتیی ئیرادەی پەرلەمانتاران بکات لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێ کردن نەک بە پێچەوانەوە".

یوسف محەمەد راشیگەیاند، "ئەرکی دەسەڵاتە بچێتە بەردەم پەرلەمان و ئەوەی ناوی لێنراوە «رێکەوتنی پەنجا ساڵە» لەگەڵ تورکیا بۆ پەرلەمانتاران و خەڵک ئاشکرا بکات، پێویستە ئیتر داهاتی راستەقینەی نەوت و گاز بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێ نەک مانگانە بە گۆترەکاری نرخ نەوت هەرچەندێک بێت، بڕێک پارە بەناوی داهاتی فرۆشی نەوتەوە بهێنرێتە خەزێنەی گشتی. پێویستە سەرجەم داهاتەکانی تری هەرێم بۆ خەزێنەی گشتی کۆبکرێنەوە و کۆتایی بە قاچاخچییەتی و گەندەڵی بهێنرێت. کاتییەتی لەسەر بنەمایەکی رون و شەفاف، هەرێم لەگەڵ بەغدا، رێکەوتنی دورمەودا و بەردەوام لەبواری نەوت و گاز و داهاتەکانی تر لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات . "

ئەم وتانەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە ئەمشەو فراکسیۆنی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هەر لێدوان و ده‌ربڕینێكی سیاسیی كه‌ لەلایه‌ن به‌رپرسانی حزبی و حكومی و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بۆ میدیاكان ده‌درێت، گوزارشت له‌ رای فه‌رمی بزوتنه‌وەکە ناكات.