لە عەفرین گروپەکانی نزیك لە توركیا درەختەكان دەبڕنەوە

  2020-12-04  | 
ڕۆژئاوای کوردستان
لە عەفرین گروپەکانی نزیك لە توركیا درەختەكان دەبڕنەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە عەفرین گروپەکانی نزیك لە توركیا، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی باخ و زەویە كشتوكاڵییەكان، درەختەكانیش دەبڕنەوە.

شیمار حیمۆ چالاكوانی سیاسی لەرۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، تەنها لەماوەی یەك مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار درەخت كە زۆرینەیان زەیتوونن لەسنوری عەفرین و گوندەكانی دەوروبەری لەلایەن گروپە چەكدارەكان و كەسانی نزیك بەئەوان بڕاونەتەوە و بازرگانیان پێوە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو شاری عەفرین مەیدانێكی فرۆشتنیان بۆ دروست كراوە و بازرگانیان پێوەدەكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی درەختەكان زەیتوونن و بەبەراورد بەساڵانی رابردووش بەرهەمی زەیتوون بەشێوەیەكی بەرچاو لەعەفرین كەمیكردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو شارە  پێشتر بەیەكێك لەبەناوبانگترین شارەكانی سوریا و رۆژئاوای كوردستان دەناسێنرا.

ئەو چالاکوانە راشیگەیاند، گروپە چەكدارەكان ناوچە بەناوچەی عەفرینیان بۆخۆیان بەشكردووە و هیچ گرنگیەك نە بەیاسای مرۆڤایەتی و نە بە ژینگە دەدەن و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هاوڵاتیان بەتایبەت كوردەكان دەچەوسێننەوە.

بەپێی دواهەمین ئاماری پێش داگیركردنی عەفرین لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، 18 ملیۆن درەختی زەیتوون لە عەفریندا بوونی هەبووە، کە ئەو درەختانە لەباشترین جۆرەكانن لەسەر ئاستی سوریا و جیهاندا.



ڕیکلام