لە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل 40 کەس لە سوریا کوژران

  2021-01-13  | 
دیمەشق
لە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل 40 کەس لە سوریا کوژران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سوریا ٤٠ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بە خوێناویترین هێرش لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لەقەڵەم دەدرێت.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومانکردەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەش، لانیکەم نۆ سەربازی سوریا و ٣١ چەکداری هێزەکانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتە کوژراون و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی چەکدارە کوژراوەکانی گروپەکانی نزیک کە حکومەتی سوریا ئاشکرا نەکراوە.

رامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، دوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لە مانگی ٦ی ٢٠١٨، کە ٥٥ چەکداری سوریا و گروپەکانی هاوپەیمانی کوژران، ئەم هێرشە بە خوێناویترین هێرش لەقەڵەم دەدرێت.

ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریاش، هیرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی بۆ چەند ناوچەیەکی دێرزوور و ئەبوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام وردەکاری ئەو هێرشەی ئاشکرا نەکردووە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکراشیکردووە، سوپای ئیسرائیل لانیکەم ١٨ جار هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سوریا و ئێران لەناو خاکی سوریادا.



ڕیکلام