موسەننا ئەمین: وەزیری بازرگانی بەڵێنیداوە هەفتەی داهاتوو نیوەی مافی جوتیارانی هەرێم دابینبکات

  2021-01-14  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزیری بازرگانی بەڵێنی پێداون لەهەفتەی داهاتوودا، نیوەی مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابینبکات.

موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "دوای ئەوەی دوو ڕۆژ بەرلە ئێستا لەکۆبوونەوەی هاوپەیمانی هیوا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق، داوامانکرد کە سەرۆک کۆمار ڕۆڵی هەبێت لە پرسی مافی جوتیاران، ئەمڕۆ بەحزوری سەرۆک کۆمار و وەزیری بازرگانی عێراق و دکتۆر غالب  نوێنەرانی هاوپەیمانییەکە، وەزیری بازرگانی بەڵێنیدا لەهەفتەی داهاتوودا نیوەی مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لەساڵانی 2014 و 2015 و 2016 بدرێت و نیوەکەیتریش بەزوترین کات چارەسەر بکرێت.