بایدن پڕۆژەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند

  2021-01-15  | 
واشنتن
بایدن پڕۆژەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پڕۆژەیەکی بەتێچووی 1.9 تریلیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا راگەیاند.

جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە وتارێکدا کە راستەوخۆ لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "قەیرانی کۆرۆنا بووەتەهۆی ئازار و نەهامەتی بۆ ملیۆنان کەس کە لە جیهاندا، بۆیە دەبێت پێکەوە هەوڵی جددی بدەین بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانە و کات بەفیڕۆ نەدەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەرەنجامی نەرێنی بەرفراوانی بۆ سەر سەرجەم چین و توێژەکانی وڵاتەکەی هەبووە، جەختی لەوەشکردەوە کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەی، یارمەتیدانی چینی هەژار و ئەو کەسانەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و بوژاندنەوەی دۆخی ئابوری ئەو چینەیە.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا راشیگەیاند، هەنگاونان لەو بوارەدا نەتەنها پێویستییەکی ئابورییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقییە کە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

بەپێی پڕۆژەکەی جۆ بایدن، هەر تاکێکی ئەمریکی چەکێکی بانکی بە بڕی هەزار و 400 دۆلار وەردەگرێت.

لە میانی وتارەکەیدا بایدن چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بە جددی و خێرایی زۆرەوە روبەڕووی دەرەنجامەکانی کۆرۆنا ببنەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پڕۆژەیەکی بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە پێدانی بڕی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر تاکێک، راگەیاندبوو بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەو بڕە پارەیە بۆ ٦٠٠ دۆلار کەمکرایەوە و بەو پڕۆژەیەی ئێستای جۆ بایدن، هەر تاکێکی ئەمریکا دوو هەزار دۆلار وەردەگرێت.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئێستا، زیاتر لە ٢٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە ئەمریکا تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە  ٣٨٥ هەزار گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام