پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی تەواوکرد

  2021-01-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی چەند ڕۆژە، لە دانیشتنی ٣٥ هەمینی خۆیدا کۆتایی هێناوە بەگفتوگۆکانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا کە بە سەرۆکایەتی حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو، کۆتایی هێنا بە خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەرلەمانتاران لە گفتوگۆ و بەشدارییەکانیان لەسەر پرۆژە یاساکە، داوایانکردووە، داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکاندا، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی شایستەی پترۆدۆلار  و سودی دەروازە سنورییەکان، خەرجکردنی شایستە داراییەکانی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری.

هەروەها پەرلەمانتاران داوایانکرد، بڕی بودجەی سندوقی ئاوەدانکردنی ناوچە ئازادکراوەکان بکرێتە دوو هیندە و سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەلوپەلە هاوردانەی کە نموونەی هەیە لە بەرهەمی ناوخۆیدا، وەک پشتیوانییەک لە بەرهەمی ناوخۆیی، هاوکات پشتیوانیکردن و کۆمەککردنی کەرتی پەروەردە و خوێندن و توێژینەوەی زانستی.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاراستەی کارکردنی حکومەت پێچەوانی پەڕەی سپییە کە پیشکەشیکردووە بۆ چاکسازی.

هاوکات لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی یاسای بودجە پێویستی بە کەمکردنەوەی قەبارەی خەرجی گشتی و کاراکردنی کەرتی تایبەت هەیە بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە.

لەلایەکی ترەوە بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان داوایکردووە، هەموو قەوارە و لیژنە پەرلەمانییەکان بە هاوکاری لیژنەی دارایی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی تیپەڕێنرێت، لەپێناو خزمەتکردن بە هاوڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی و بەرژەوەتدی سەرجەم پارێزگاکان بێ جیاوازی.

بە پێویستیشی زانیووە حکومەت پەیڕەوی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات بکات، بۆ ئەوەی بەشیک لە کورتهێنانی بودجە پر بکرێتەوە.

هاوکات بەشیر حەداد داوایکردووە، هەماهەنگی هاوکاری هەبێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەی پەرلەماندا ئاماژە بەوە کراوە، لە گفتوگۆکاندا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، داواکراوە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و لیکۆڵینەوە لەوەی بۆچی بڕی یەک ملیار دنیار لە بودجەی پارێزگای نەیبنەوا گوێزراوەتەوە بۆ سەر پارێزگای سەلاحەدین.



ڕیکلام