لاهور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی پرسی مووچە و دوایین گۆڕانکارییەکانیان تاوتوێکرد

  2021-01-16  | 
بەغدا
کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دوایین گۆڕانکارییەکانیان تاوتوێکرد.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ  کۆبووینەوە و لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پشتیوانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان-مان دوپاتکردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاساییەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی٢٠٢١ لەپێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو کە داوایانکردووە پشکی جووتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاند، سەبارەت بە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، جەختمان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و ڕامانگەیاند، "هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت، وەک یەکێتیی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە.

هەر لە دیدارەکەدا، لاهور شێخ جەنگی  داوایکردووە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامیی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

لای خۆشیەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە هاوکار و پشتیوانیان بێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو سەقامگیری عێراق و پاراستنی مافی هاوڵاتییان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا.



ڕیکلام