کوردی  |  English            

بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە

  2021-01-17  | 
بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەوە
ئەرشیڤ
ئابوری
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەنزیکبوونەوە لە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تا ڕادەیەکی باش بەرزبووەوە و ئەمڕۆ هەر دۆلارێک بە ٢٢ هەزار و ٢٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی١ی٢٠٢١، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەخت، هەر دۆلارێکی ئەمریکا بەنزیکەی ٢٢ هەزار و ٢٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە هەر ١٠٠ دۆلارییەک بە دوو ملیۆن و ٢٢٠ هەزار تمەن بووە.

چەند مانگ پێش ئێستا و بە چڕکردنەوەی گەمارۆکان و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە سی هەزار و ٢٠٠ تمەن، بەڵام بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکە، رۆژ لە دوای رۆژ بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

هەفتەی رابردووش، ئەمیر حسێن قازی زادە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حکومەت بەنیازە بە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، دۆلار بخاتە بازاڕەوە و بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی تا ١٠ بۆ ١١ هەزار تمەن دابەزێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کارە بە دەستەبەرکردنی بارودۆخی گونجاو بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، جێبەجێ دەکرێت.