سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دەستگیرکرا

  2021-01-17  | 
مۆسکۆ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا پاش گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دەستگیرکرا.

میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، ئەلێکسی ناڤاڵنی کە بە رەخنەگرە تووندەکەی ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە ناسراوە، ١٥ خولەک پاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا، لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستگیرکراوە.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس بڵاویکردووتەوە کە بەرپرسانی زیندانی فیدڕاڵی روسیا هەواڵی دەستگیرکردنی ناڤاڵنی-یان پشتڕاستکردووتەوە.

پێش دەستگیرکردنی، ئەلێکسی ناڤاڵنی بە لایەنگران و رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، "دەزانم کە بێتاوانم و لە هیچ شتێک ناترسم"، پاش دەستگیرکردنیشی، لایەنگرانی لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەلێکسی ناڤاڵنی رەخنەگرە سەرسەختەکەی ڤلادمیر پوتین کە لە ئەڵمانیا لە نەخۆشخانەی چاریتەی بەرلین چارەسەری وەردەگرت، پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو کە پوتین، خۆی دەستی هەبووە لە ژەهرخواردکردنیدا و باسی لەوەش کردبوو کارەکە بە فەرمانی پوتین ئەنجامدراوە.

ئەلێکسی ناڤاڵنی تەمەن ٤٤ ساڵ، هاوینی ساڵی رابردوو، ژەهرخوراوکرا و به‌وهۆیه‌وه‌ چووە کۆماوە و گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئۆمسكی روسی، دواتر روسیای بەره‌و ئه‌ڵمانیا جێهێشت.



ڕیکلام