کوردی  |  English            

سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوتوێی مافی موچەخۆرانی هەرێم و عێراقیان کرد

  2021-01-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لەبەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیدارێکدا گفتوگۆیانکرد، لەسەر گرنگی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان .

سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەرهەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی وڵات.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، کۆبوونەوەکەدا بەبایەخەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کرا کراوە، لە پێناو زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتی و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک .

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، هەردوولا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویانکرد و پێداگری کرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابووری وڵات و بودجەی گشتی کراوە، هەردوولا  رێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی .