سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ستافی سەرۆكی هەرێم بەدواداچون بۆ دەستگیركراوانی بیروڕا دەكەن

  2021-01-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، داوای لە ستافەكەی كرد، بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی پێشوازیكردنی لە رێكخەری سەنتەری میترۆ، كە تیایدا راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020ی رادەستكرا وتی: پێویستە یاساكان وەك خۆیان جێبەجێبكرێن. 

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی ناوەڕۆكی دیدارەوەكە رایگەیاند: كورتكراوەی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی بۆ ساڵی 2020 بۆ سەرۆكی هەرێم خرایە روو. 

رێكخەری میترۆ داوای كرد سەرۆكی هەرێم رۆڵ ببینێت لە ئازادكردنی ئەو گیراوانەی كەیسەكانیان نوسین و رۆژنامەگەریە، یان خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتن، ئاماژەی بەوەشكرد كە وێنەی هەرێمی كوردستان لە راپۆرتە نێو دەوڵەتیەكاندا "باش نییە". 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی "ئاگام لە راپۆرتی هەندێ رێكخراوی تریش هەیە، پێویستە رێز لە رۆڵی چاودێرێكردنی رێكخراوەكان بگیرێت، لە بری سەرزەنشتكردنیان زەمینە خۆشتر بكرێت بۆ كارو چالاكییەكانیان". 

بارزانی جەختیكردەوە "هەموو راپۆرتێكی چاودێریكردن كە بابەتیانە و راستگۆیانە نوسراون خزمەتكردنە بە هەرێم و ئەزمونەكەی، ئەمە رای منە".

دەربارەی یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و پێدانی زانیاری و رێكخستنی خۆپیشاندان ئەوەی خستە روو " پێویستە ئەو یاسایانە وەك خۆیان جێبەجێبكرێن و لە كاتی مامەڵكردن لەگەڵ رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵەی بڵاودەكاتەوە، نابێت یاسای تر جێگروەیان بێت". 

سەرۆكی هەرێم ئاشكراشیكرد "پشتیوانی رۆژنامەنوسانم لە رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بە شێوەیەك كە خۆیان بەشداربن لە نوسینی"  داوای لە ستافەكەی كرد، بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە. 

 ووتیشی: من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت، بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی توندوتیژی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدات.