فوئاد حسین: لەگەڵ ئیدارەی بایدن گفتوگۆ دەکەین لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

  2021-01-23  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە عێراق گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکادا دەکات، سەبارەت بە گفتوگۆی ستراتیژی و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

 لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد حسین لە وتەیەکدا کە لە زانکۆی نەهرەین بۆ توێژینەوەی ستراتیژی پێشکەشیکردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەم نزیکانە داوا لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن، بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆی ستراتیژی و دیاریکردنی تیمی وتوێژکار بۆ سەرلەنوی گفتوگۆ کردنەوە لە لایەن ئەوانەوە.

فوئاد حسین ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ دەکرێت دەربارەی بابەتە ئەمنی و سەربازییەکانی تایبەت بە بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

ئەوەش لە کاتیکدا لە دوو هەفتەی ڕابردوو ئیدارەی پێشتری ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەریەکە لە عێراق و ئەفغانستان بۆ ٢٥٠٠ سەرباز.



ڕیکلام