لە بەریتانیا هەر تووشبوویەکی کۆرۆنا لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات 680 دۆلار وەردەگرێت

  2021-01-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە تاوتوێی پڕۆژە بڕیارێک دەکات، بە پێدانی بڕی ٦٨٠ دۆلار هەفتانە بۆ تووشبوویەک کە خۆی کەرەنتین دەکات لە ماڵەوە.

ڕۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، هەرچەند چاوەڕواندەکرێت تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە مانگانە نزیکەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دەکەوێت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت تەرخانکردنەکە تەنها ئەو کەسانە بگرێتەوە کە ناتوانن لە ماڵەوە کار بکەن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو ڕاپرسیانەی کە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەنجامیداون، دەریدەخات تەنها لە ١٧%ی ئەو کەسانەی کە نیشانە قورسەکانی کۆرۆنایان هەیە، دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، خواستی کەسەکان بۆ خۆ کەرەتین کردن لە ماڵەوە لە ئێستادا بە گەورەترین بەربەست دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە هەر ٤ کەسێکی تووشی بە کرۆنا لە بەریتانیا تەنها یەک کەسیان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ خۆی کەرەنتین دەکات، لە کاتێکدا لە ١٥%ی تووشبوان دەچنە سەر کارەکانیان.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەگوێرەی سیستمی ئێستا ، ئەو کەسانەی کە خاوەنی داهاتێکی کەمن، زیاتر بڕیاری کۆمەکی داراییەکە دەیانگرێتەوە، ئەگەر هاتوو داوایان لێبکرێت لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتین بکەن.

تا ئێستا لە بەریتانیا ٣ ملیۆن و ٥٨ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٩٥ هەزار و ٩٨١ کەس گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام