لە یەکێک لە خاڵە سنورییەکانی هەرێم نەوت بە قاچاخ داخڵ دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت

  2021-01-24  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە دەروازەی سمێلکا نەوت بە قاچاخ داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت.

کاروان گەزنەیی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی بە بەڵگە هێناوەتەوە کە دەڵێت، "بڕێکی زۆر نەوت، کە بڕەکەی (٣٠) هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بە قاچاخ داخڵ دەکرێت بۆ ناو هەرێمی کوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەکانی دیکەی قاچاخیکردن مەترسیدارترە چونکە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سوود لەمە نابینێت! ئەم بازرگانیکردنە لە کاتێکیشدایە کە هەرێم زۆرترین کێشەی لە فرۆش و پڕۆسەی نەوتدا هەیە ! ".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆڵەسی، ئەم نەوتە قاچاخە، لە دەروازەی سمێلکا داخڵ دەکرێت و ئەگەری زۆر هەیە کە لێرە لە پاڵاوگەی لاناز بپاڵێورێت و بکرێتەوە بە بەرهەم، بەڵام دیسان دیار نییە بەرهەمەکەی بۆ کێیە و چەندە و چۆنە ! ".

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان راشیگەیاندووە، "ئەم نەوتە لە باکووری سوریاوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت و بەو پێیەش ڕۆژانە چەند کەس و گروپێک ملیۆنان دۆلار سوودی لێدەبینن و خێر دەکەن، بە بێ ئەوەی یەک دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم قاچاخی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا پاڵاوگەکانی هەرێم یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان ناپاڵێون و تا ئێستاش کێشەی نەوتی سپی و بەنزین لە کوردستان دوو کێشەی سەرەکین، لە پاڵ کێشەی مووچە و کێشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان .



ڕیکلام