ئێران زانیاری نوێی لەسەر کوژرانی قاسم سولەمانی و موهەندیس ئاشکرا کرد

  2021-02-23  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، ئەو بۆمبەی لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و هاوڕێکانی بەکاریهێناوە ، بۆمبێکی ئاسایی نەبووە.

باقری ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بۆمبەی هێرشەکەی پێکراوە، بۆمبێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو بەکاردەهێنرێت بۆ کردنە ئامانجی تانک و زریپۆش، بەشێوەیەک توانای بڕینی ئەستوری ٣٠ سانتیمەتر پۆڵای هەیە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەشوێنی بەئامانج گیراودا بێت پارچە پارچەی بکات.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، قاسم سولەیمانی میوانێکی بیانی بووە و بە بانگهێشتی فەرمی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە چووەتە ناو عێراقەوە، نامەیەکی تایبەتیشی پێ بووە بۆ سعودیە، بەسەردانێکی ئاشکرا و بە فڕۆکەیەکی مەدەنی گەشتەکەی کردووە.

لە کۆتایی وتەکانیدا باقری جەختیکردەوە، پرۆسەی تیرۆرکردنەکەی پێشیڵکردنی سەروەریی عێراق و مافە دیپلۆماتییەکان بووە، بە ئیرهابی دەوڵەت و تاوانێکە خودی ئەمریکا دانی پێدا ناوە، لەو هەوڵەدا بنکەکانی ئەمریکا لە سعودیە و قەتەر و ئیمارات و بەحرەین هاوکار بوون، هەر یەکێک لەو بنکە سەربازییانە زانیاری هەواڵگرییان پێشکەش بە ئەمریکا کردووە.



ڕیکلام