مەرزی سەیرانبەن لە نێوان هەرێم و ئێران بەفەرمی ناسێندرا

  2021-02-28  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەرزی سەیرانبەن وەک دەروازیەکی سنوری دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەفەرمی ناسێندرا.

ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە کۆبوونەوە، بڕیاریاندا جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی سەیرانبەن، هاتووچۆی گەشتیارانیش تیایدا ئەنجام بدرێت.

چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی رێکارەکان، مەرزی سەیرانبەن کارا دەکرێت و هاتووچۆی گەشتیاریش لەو مەرزەوە دەستپێدەکات.

هاوکات میدیاکانی ئێران لەزاری، ئیسماعیل رۆستەم پوور قائیمقامی بانە بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و ئێران، ئەمڕۆ مەرزی سەیرانبەن بەفەرمی ناسێندراوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا ئەنجام دەدرێت.

رۆستەم پوور بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، لە ئێستادا بەهۆی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە، هاتووچۆی گەشتیاران لە مەرزی سەیرانبەن ئەنجام نادرێت، بەڵام لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، هاوشێوەی دەروازە سنورییەکانی دیکە، گەشتیاران دەتوانن لە مەرزی سەیرانبەنەوە هاتووچۆ بکەن.

تاوەکو ئەمڕۆ، سەیرانبەن یەكێك بووە لە مەرزە نیمچە فەرمییەكانی سنووری گەرمك لە قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و هەرێمی كوردستان بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە.



ڕیکلام