گوێبگرن

  2021-03-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شیعری: ڤڵادیمیر مەیاکۆفسکی

لە ڕوسییەوە : شیروان مەحموود محەممەد

گوێبگرن !

مادامەکی ئەستێرەکان دادەگیرسێنرێن

کەواتە،کەسێک هەیە پێویستی پێیان بێت؟

کەواتە کەسێک خۆزگە بە بوونیان دەخوازێت؟

کەواتە کەسێک ئەو تفە وردیلانە بە مرواری ناو دەنێت؟

پرزەبڕاوی گەردەلوولی ڕۆژی نێوەڕو

بە پڕتاو خۆی بە لای خوادا دەکات

دەترسێ دوا کەوتبێت، دەگری و

دەستە دەماراوییەکانی خودا ماچدەکات

دەپاڕیتەوە و داوادەکات :

هەرچۆنێک بووە، ئەگەر یەک ئەستێرەش بووە، با ببێت .

سوێند دەخوات :

کە چیتر ئەشکەنجەی بێ ئەستێرەیی بۆ هەموار ناکرێت

دواتر بە نیگەرانییەوە ڕەوتی خۆی دەکات و

بە سەرزارەکی ‌هێمن خۆی پیشاندەدات

پرسیارلە کەسێک دەکات :

''خۆ ئێستا هیچ  شتێک سەغڵەتت ناکات؟

هیچ شتێک ترسناک نییە؟ وا نییە؟ ''

گوێبگرن !

مادامەکی ئەستێرەکان پێدەبن،

کەواتە، بۆ کەسێک پێویستن کە هەبن

کەواتە، پێویستە هەموو ئێوارەیەک

ئەگەر تەنیا یەک ئەستێرەش بێ

بە سەر سەربانەکانەوە بگڕێ .

١٩١٤



ڕیکلام