سۆرانی  |  بادینی  |  English      

ئەمڕۆ زیاتر لە 5000 کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون

  2021-03-03  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە دواین راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا 5173 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 25 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا  5173 حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سەرانسەری عێراق تۆمارکراون و بەوەش ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکە گەیشتووەتەوە 708 هەزار ٩٥١ کەس.

ئاماژەی بەوەشکردووە هەر لەو ماوەیەدا 3463 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەوەش ژمارەی چاکبووانی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە 646 هەزار 619 کەس.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راشیگەیاندووە، هەر لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢٥ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کە نۆ کەسیان لە بەغدا، چوار کەس لە دیوانیە، سێ کەس لە کەربەلا، دوو کەس لە هەولێر، دوو کەس لە واست، دوو کەس لە میسان و لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک و بابل هەر کامیان یەک کەس بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ ١٣ هەزار و ٤٨٣ کەس لە عێراق بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.