دادگایەكی فەرەنسا لەسەر داوای هاوسەری ئەحمەد كایا رێ لە بڵاوكردنەوەی فیلمێك دەگرێت

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگایەكی فەرەنسا لەبارەی فیلمێكەوە كە لەسەر ئەحمەد كایا بەرهەم هاتووە بڕیاریدا رێ بە بڵاوكردنەوەی بدات ئەگەر مەرجەكانی دادگا جێبەجێ بكات.

لەسەر داوای گولتەن كایا، هاوژینی ئەحمەد كایا و دوو كچەكەی دادگایەكی فەرەنسا بڕیاریدا چوار گۆڕانی ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە لە فیلمێكدا بە ناوی (دوا گۆرانی) دەربهێنێت كە لەسەر ئەو هونەرمەندە بەرهەم هاتووە. 

جگە لەوەش دادگا بڕیاریداوە وێنە راستەقینەكانی كایا لە فیلمەكەدا بهێندرێنە دەرەوە، ئەو كاتە رێ بە بڵاوكردنەوەی فیلمەكە دەدرێت، هاوسەركەی ئەحمەد كایا رایگەیاند، ئەگەر ئەو فیلمە بڵاوبكرێتەوە زیانی ماددی و مەعنەوی  بە خۆی وكچەكانی دەگەیەنێت. 

ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن پسپۆڕانەوە پێشكەشی دادگاكراوە ڕایگەیاندووە، وێنە ڕاستەقینەكانی ئەحمەد كایا و چوار گۆرانی كە لە فیلمەكەدا بەكار هاتووە مافی خێزانەكەیەتی و ناتواندرێت بەكار بهێندرێتەوە لە فیلمەكەدا. 

دادگا فەرمانیدا دووبارە بەرهەمهێنانەوە و دابەشكردنی فیلمی (دوا گۆرانی) ئەنجامبدرێت و ئەگەر كۆمپانیای تۆمەتبار ئەو ناوەڕۆكانەی نەسڕیەوە ئەوكاتە رێ لە بڵاوكردنەوەی دەگیرێت. 

ئەو فیلمە لەلایەن كۆمپانیایەك بەناوی گام موزیك بەرهەمهێندراوە و بەهۆی ئەوەی دەستیگرتووە بەسەر مافە دارایی و مەعنەویەكانی ئەو خێزانەدا داوایان لەدادگاكرد بڵاوكردنەوەی لە سینەماكان و میدیا دیجیتاڵیەكان قەدەغە بكرێت. 

گوڵتەن كایا لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەوەیكرا چەوسانەوەیەكی دڕندانەی ئەحمەد كایا یە و ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن لە ژیانیاندا بۆ یەكجاریش لەگەڵ ئەحمەدكایا رووبەڕوو نەبوونەتەوە ئەمانەش لە چاوی مندا كڕیاری بێ توانان. 

ئەحمەد كایا هونەرمەندێكی كوردی باكوری كوردستانە و لە شاری مەلەتی لە ساڵی 1957 لەدایك بووە و لە ساڵی 1999 خەڵاتی گۆرانیبێژی ساڵی لە توركیا پێبەخشرا لەلایەن رێكخراوی رۆژنامەنووسانی تابلۆید، بەڵام لەو شەوەدا بەهۆی ئەوەی وتی من كوردم كێشە لە ئاهەنگەكەدا دروست بوو. 

كایا لە16 تشرینی دووەمی ساڵی 2000 لە وڵاتی فەرەنسا كۆچی دوایی كرد، دوای خۆشی لە ساڵی 2012دا خەڵاتی سەرۆكایەتی توركیای لەلایەن ئەردۆغانەوە پێبەخشرا. 


ڕیکلام