نرخی نەوتی برێنت نزیک بووەتەوە لە 69 دۆلار

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كەمێك لەمەوبەر نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە و یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 68 دۆلار و 75 سەنت و نرخی نەوتی ئەمریكیش گەیشتە 65 دۆلار و 50 سەنت.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 67 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرابوو نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 64 دۆلار و 42 سەنت فرۆشرا. 

ناوەندە ئابوریەكانیش هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمڕۆدا بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگێڕنەوە كە یەكەمیان كۆبونەوەكەی ئۆپیك پلەس  و دووەمیشیان كەمبونەوەی نەوتی عەمباركراوی ئەمریكیە. 

گۆڕانی كەشوهەوا لە چەند ویلایەتێكی بەرهەمهێنەری نەوت لە ئەمریكا كاریگەری كردووەتە سەر كەمبونەوەی بەرهەمهێنان و بەهۆیەشەوە قەبارەی نەوت لە كۆگاكانی ئەو وڵاتەدا كەمبووەتەوە بەشێوەیەك كە لە ساڵی 2003وە بڕی نەوت لە كۆگاكانیاندا ئەوەندە كەمنەبووەتەوە. 

ئەو نرخە لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا لە بازاڕەکانی جیهاندا تۆمارنەکراوە، ساڵی رابردووش بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت دابەزی بۆ 19 دۆلار و نەوتی ئەمریکیش گەیشتە سفر دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئاسایبوونەوەی ژیان نرخی نەوتیش بە شێنەیی رووی لە بەرزبوونەوە کرد. 


ڕیکلام