سۆرانی  |  بادینی  |  English      

سیستانی و پاپا گفتوگۆی پێكەوەژیانی ئاشتیانەیان كرد

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سیستانی و پاپا لە كۆبوونەوەكەیاندا گفتوگۆیان لەبارەی رۆڵی مەرجە ئاینیەكان كردووە بۆ دروست بوونی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا.

نوسنگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان سیستانی و پاپا فەرنسیس رایگەیاند: لە چاوپێكەوتنەكەدا لەگەڵ پاپا، باس لە ئاڵنگارییەكانی ئەم سەردەمە لە بەردەم مرۆڤایەتی و ڕۆڵی باوەڕهێنان بە پەیامی خوا و پەیڕەوكردنی ڕەوشتە باڵاكان لە سەركەوتن بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا كرا. 

هەرلەو دیدارەدا باس لە ستەم و نادادی و هەژاری و چاوساندنەوە ئایینی كراوە كە "زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان بە دەستیەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی گەلانی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەدەست جەنگ و گەمارۆی ئابووری و دەربەدەركردنەوە دەناڵێنن، بەتایبەتتریش گەلی فەڵەستین".

لە دیدارەكەدا مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، بەگرنگیەوە  ڕۆڵی پێشەوا ئاینییەكانی جیهان هەڵسەنگاندووە لە كۆتاییهێنان بەو كارەستانەی روودەدەن. 

جەختی لە گرنگی هەوڵەكان كردووەتەوە بۆ جێگیركردنی بەهای پێكەوەژیانی ئاشتیانە، جگە لەوەش رۆڵی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە پاراستنی مەسیحیەكانی عێراقدا تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بووە. 

سیستانی سوپاسی پاپا فەرەنسیسی كردووە كە سەردانی نەجەفی كردووە هیوای خۆشبەختی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی خواستووە. 

بەیانی ئەمڕۆ دوای سەردانی بۆ نەجەف لەگەڵ سیستانی كۆبوونەوە كە كۆبوونەوەكە ماوەی نزیكەی 45 خولەك بەردەوام بووە، دواتر پاپا رووی لە شاری ئور لە ناسریە كرد و لەوێ چاوی كەوت بە ژمارەیەك كەسایەتی ئاینی كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانیان كردبوو. 

نوسینگەی رۆژنامەوانی پاپا فرانسیس لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە رایگەیاند، دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی پاپا فرانسیس سوپاسی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق بكات لە بەرامبەر دەنگهەڵبڕین بۆ پارێزگاریكردن لەو كەسانەی ژیانیان زەحمەت بووە و چەوسێندرانەتەوە. 

پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگی "هاوئاهەنگی و دۆستایەتی نێوان كۆمەڵگە ئایینییەكان كردوەتەوە" سوپاسی عەلی سیستانی كردووە بۆ جەختكردنەوە لە پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ و گرنگی یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێوان خەڵكی عێراق و  نزاشی بۆ ئارامی خەڵكی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوچەكە كردووە.