حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەسەر رێکەوتن لەگەڵ بەغدا بڵاوکردەوە

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بڵاوکردوە و دەڵێت هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان پێشكەش بە بەغدا كردووە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندوە لە کاتێکدا پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەکانییەتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەکانی دووپات دەکاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا هاتووە .

ئاماژەی بەوەشکردوە حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنووریەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری .

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندوە هەرێم هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكرا كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی ، بۆ ڕای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە .

جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشکردوە جارێکی تر، ئامادەیی خۆیان دووپات دەكەنەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت .

ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی رێکنەکەوتنی هەرێم وبەغداوە تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عێراق نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی پەسەندبکرێت.


ڕیکلام