گۆڕانکاری لە سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە سبەینێ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە پڕۆگرامی سەردانەکەدا گۆڕانکارییەک کراوە.

میدیا عێراقییەکان لەزاری "زەین ئەنوەر" ڕێکخەری کاروباری میدیای بۆ سەردانەکەی پاپا بڵاویانکردەوە، گۆڕانکارییەکە لەسەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە، دوای کۆتایی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پاپا سەردانی ناحیەی عەنکاوەی مەسیحی نشینی هەولێر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاپا نانی نیوەڕۆ لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی لە عەنکاوە دەخوات و دواتر بە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناحیەدا دەگەڕێت و سلاو لە دانیشتوانەکانی دەکات، کە بە بۆنەی سەردانەکەی ئامادە دەبن و چاوەڕوانی ئەو سەردانە مێژووییە دەکەن.

پێشتر زۆر پرسیاری ئەوە کرابوو، کە ئاخۆ بۆچی لە سەردانەکەی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان، ناحیەی عەنکاوە بەسەر ناکاتەوە، کە بە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون و کۆبوونەوەی مەسیحییەکان دادەنرێت، جگە لەوەش زۆرێک لەو هاوڵاتییە مەسیحیە ئاوارانەی لە خۆی گرتووە، کە لە ناوچەکانی تری عێراقەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

عەنکاوە یەکێک لە ناحیە سەرەکییەکانی سەر پارێزگای هەولێر و لە ئێستاشدا زۆربەی ناوەندە دیپلۆماسی و بیانییەکان لەو ناحیەییە، بەڵام بەهۆی گەشەکردنی شاری هەولێرەوە، لە ئێستادا وەک گەڕەکێکی شارەکەی لێ هاتووە.



ڕیکلام